Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق ڕاگەیاند

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە عێراق ڕاگەیاند.

ڕێوڕەسمەکە لە بەغدا و بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ژمارەیەک لە فەرماندەی یەکە سەربازییەکان و پێکهاتە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو، کە بەبۆنەی ڕۆژی سەروەری لە 30ـی ئەیلوولی 2026 ڕێکخرابوو.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە وتارێکدا جەختیکردەوە، عێراق ئەمڕۆ بەرهەمی قوربانیدان و هەوڵە بەردەوامەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەچنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەزگا ئەمنییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی تەواوی دۆخی ئەمنی و مەیدانی لە سەرانسەری وڵاتدا بکەن. زەیدی ئاماژەی بە 30ی ئەیلوولی 2026 کرد و گوتی، ئەو وێنەیەی گەلەکەمان کاتێک بەرگریی لە خاک و شار و شارۆچکەکانی دەکرد کە لەلایەن تیرۆریستانەوە پیس کرابوون، هەمیشە لە بیرەوەریدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لە میانەی وتارەکەیدا، زەیدی گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بەم قۆناخە نوێیەی ڕاگەیاند،

- کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەلمێنەری سەرکەوتنی هاوکاریی نێوان عێراق و وڵاتانی دۆستە بەسەر یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی توندڕەوی و دڕندەیی لە مێژوودا.

- ڕاپەرینی گەل لە پاڵ هێزە چەکدارەکان، قۆناخێکی گرنگی دەستپێکرد کە تێیدا سیستەمی فەرماندەیی ڕێکخرایەوە و توانرا هەوڵەکان یەکبخرێن.

- وڵاتانی دۆست لەو ڕووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەیەدا دەستی هاوکارییان بۆ عێراق درێژ کرد و هێزە چەکدارەکان بە سەرکەوتوویی پڕچەک کرانەوە.

- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ماوەی ساڵانی شەڕی دژی تیرۆردا، دڵی هەماهەنگی و ناوەندی پلاندانان و سەرکردایەتیکردن بوو لە چوارچێوەی شەڕێکی نیشتمانیی گەورەدا.

- سوپاس و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکەین کە بەشدارییان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد، هەروەها بۆ فەرماندە، ئەفسەر، ڕاهێنەر و ڕاوێژکارەکانیان کە شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان کاریان کرد.

- کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە واتای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێمە لەگەڵ تیرۆر نایەت، بەڵکو عێراق دەگوازێتەوە بۆ قۆناخێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی تەواوی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەگرێتە ئەستۆ.

- گواستنەوەی ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەرجەستەکردنی فۆرمێکی دامەزراوەییە بۆ بەڕێوەبردنی هەوڵەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و سەرکردایەتییە باڵاکەیدا.

-قۆناخێکی نوێ دەستی پێکردووە کە ناونیشانەکەی سەروەریی عێراق، هێزی دامەزراوەکانی، ئامادەیی هێزەکانی، یەکڕیزیی بڕیارەکانی و هاوبەشییە هاوسەنگەکانە لەگەڵ دۆستانیدا.

- هاوکاریی ئەمنی وەک ڕێڕەوێکی کراوە لەگەڵ دۆستانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە و کاریگەرتر و چڕتر دەبێت، هاوکات تەکنەلۆژیا و تەکنیکە دیجیتاڵییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەکاردێن.

- ئەرکەکە بە سەرکەوتن کۆتایی هات و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەم سەرکەوتنە ئەمڕۆ دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان.

- هیچ چەکێک لە دەرەوەی چەتری یاسا و هیچ هێزێکیش لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت، ئەوەش بەپێی دەستوور و ئەو بانگەوازەی مەرجەعییەت کردوویەتی و گەلەکەمان دەیەوێت.