Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بۆ KDP.info: بێئەندازە شانازی بە ئاڵاکەمانەوە دەکەین

ھەڵەبجە-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە زنجیرەیەک چالاکیی هونەری و کلتووریی سێ ڕۆژەی ئەنجام دا. لە دوا ڕۆژی چالاکییەکاندا، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم بە دەیان ئاڵای پیرۆزی کوردستان پۆشرا و دیمەنێکی نیشتمانیی وای بە ناوچەکە بەخشی کە لە وێنە و یادگاریی سەرجەم گەشتیاراندا وەکو سەروەتێکی نەتەوەیی بەرز ڕادەگیرێت.

​چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە درێژەی چالاکییەکانماندا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، ئەمڕۆ لە سەرچاوەی زەڵم و بەدرێژایی ڕێگەی سەرەکی، لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ئاڵای گەورەی کوردستانمان شەکاوە کردووە، جگه لە دابەشکردنی ٧٠ ئاڵای بچووک بەسەر
کاسبکار و دووکاندارانی ناوچەکەدا."

​بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرزایی تاڤگە ئەفسوناوییەکەی زەڵم، ئاڵایەکی گەورەی کوردستانمان لەسەر ڕووبەری ٩ بە ١٥ مەتر جێگیر کردووە، ئێمە بێئەندازە شانازی بە ئاڵاکەمانەوە دەکەین کە بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی و سەروەتێکی نیشتمانییە و ئەرکی هەمووانیشە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پارێزگاریی لێ بکەن."
​ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، "سروشتی سەیرانگاکە خۆی لە خۆیدا سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام هەستمان دەکرد بۆ تەواوبوونی تابلۆ جەمالییەکەی، پێویستی بە پیرۆزیی ئاڵا هەیە، بە دانانی ئاڵای کوردستان، ناوچەکە ڕەنگ و سیمایەکی زۆر جوانتری بەخۆیەوە گرت."
​سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەنگاوە، چیا قاسم زیاتر گوتی، "ڕۆژانە زۆرترین گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە هاوینەهەواری زەڵم دەکەن. ئامانجمان ئەوەیە هەر گەشتیارێک کە وێنە و ڤیدیۆی یادگاری تۆمار دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، ئاڵای کوردستانی تێدا بپۆشرێت و ئەم پەیامە بپەڕێنێتەوە کە ئەم کیانە بە قوربانیدان و خوێنی پێشمەرگە و لە سایەی ئاسایشدا بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ گەشتیاران و سەرچاوەی بژێویی خەڵکەکەمان."


​عەزیزڕەسووڵ