Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پلان و ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دەستی پێكرد

 ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.9.27، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی، و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانیەكان، كشتوكاڵ، كەش ناسی، سەرۆكی شارەوانی و بەرپرسانی دیكەی فەرمانگە خزمەتگوزاریی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان،کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.


لە کۆبوونەوەکەدا،  پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی ساڵانی ڕابردووكرد، دەستخۆشی لە تیمەكان كرد و هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەر لە وەرزی بارانبارین لە پێناوی ڕوونەدانی لافاو و كەمكردنەوەی مەترسیەكانی و چارەسەركردنی گرفتەكانی لە سەنتەری شار و دەروبەری ئەنجامدراون بەرزنرخاند.

لەبارەی وەرزی بارانبارین و زستانی ئەمساڵ و ئامادەكاری فەرمانگەكان، پارێزگاری هەولێر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ئامادەكاری زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێكی نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی كە دەبنە هۆی دروستبوونی پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادە و بەردەوامیدان بە پاككردنەوەی چەپەرەكانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەكان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەكان و كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكانی شار و پاككردنەوەی كەند و رێڕەوەكانی ئاوی سروشتی باران. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی خێراکردنی هەموو جۆرە ئامادەکارییەک کردەوە پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ.

پارێزگاری هەولێر، تەئكیدی لە هەماهەنگیی هاوكاری نێوان سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەكانی كردەوە بۆ  چاودێریکردنی بەردەوامی ڕەوشی کەشوهەوا و دەستبەکاربوونی خێرا لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ و نەخوازراودا.

دواتر لە ڕێگەی پرزنتیشنێكەوە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر سەبارەت بە ئەپی تایبەت بە سیستەمی ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتییان  لەڕووداوی نەخوازراو بەتایبەتی لافاو بەشێوەیەكی زانستی ئامانج و چۆنیەتی كاركردنی سیستەمەكە پێشكەش كرا كە شاری هەولێر یەكەمین شارە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و كوردستان خاوەنی ئەو سیستەمەبێت و لەم نزیكانە دەكەووێتە كار، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دووپاتكردنەوەی هەموو پاڵپشتی و هاوكاریەكی پارێزگا، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە كرد.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتیكردەوە کە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە پێشەنگی کارەکانە، و هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکاندا قبوڵ كراونییە و لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوەکە بە داڕشتنی چەندین بڕیاری کرداری و دابەشکردنی ئەرکەکان بەسەر لایەنە بەرپرسەکاندا کۆتایی هات.