Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی ڕووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان دەگەڕێندرێنەوە باوەشی نیشتمان

هەولێر -KDP.info- دوای دەیان ساڵ لە دوورکەوتنەوەیان لە خاکی پیرۆزی کوردستان و مانەوەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکاندا، ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی ڕووفاتی پیرۆزی قوربانییانی تاوانی ئەنفال، کە لە ڕووفاتی ١٥٣ شەهید پێکهاتوون، بەرەو ئامێزی نیشتمان دەگەڕێندرێنەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان و دۆزینەوەی ڕووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوان، بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنکراوان لە دامەزراوەی شەهیدان بە هاوکاریی پزیشکی دادی، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ ڕادەستکردنی ئەم کاروانە نوێیەی ڕووفاتی شەهیدان بە هەرێمی کوردستان.

سەرجەم ئەو ١٥٣ ڕووفاتەی دۆزراونەتەوە لە ژن و منداڵ پێکهاتوون، کە قوربانیی پڕۆسە بەدناوەکانی ئەنفالن و لەلایەن ڕژێمی بەعسی لەناوچووەوە بە بێبەزەییانە شەهید کراون.

ڕووفاتەکان پێشتر لەلایەن تیمەکانی گەڕان و پشکنین لە یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوچەی بادیەی سەماوە دۆزرابوونەوە.   بڕیارە سەرجەم ڕووفاتە پیرۆزەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە بە مەبەستی گواستنەوە و ناشتنی کاتییان، تا تەواوکردنی تەواوی ڕێکارە زانستی و پشکنینە تایبەتەکانی DNA بۆ ناسینەوەیان، بە جۆرێک کە دواتر بتوانرێت ڕادەستی کەسوکارە سەربەرزەکانیان بکرێنەوە و بە فەرمی لە خاکی پیرۆزی نیشتمان بنێژرێن.