Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مافی بڕیاردانی چارەنووس لە ئیرادەی نەتەوەییەوە بۆ ڕەوایەتیی مێژوویی

پەری عومەر خەیلانی

خوێندنەوەی فەلسەفەی یاسای نێودەوڵەتی و مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕاستییەکی زانستییانەمان بۆ دەسەلمێنێت کە مافی بڕیاردانی چارەنووس دادپەروەرانەترین و ڕەواترین پرۆسەی بەدیهێنانی ویستی نەتەوەکانە، کە لە میساقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک چەمکێکی بنەڕەتیی مافی مرۆڤ چەسپێندراوە.

بڕیاردان لەسەر چارەنووسی نەتەوەیی، تەنیا پەرچەکردارێکی کاتی، یان مانۆڕێکی سیاسیی سادە نییە، بەڵکوو دەربڕینێکی یاسایی و حاشاهەڵنەگرە لە بەرزترین ئاستی هۆشیاریی بەکۆمەڵ، کە تێیدا گەلێک مافی خاوەندارێتیی داهاتووی خۆی بەدەستەوە دەگرێت، ئەمەش ئاستێکە کاتێک ئیرادەی نەتەوەیی دەگاتە قۆناغی بڕیاردانی ڕاستەوخۆ، بنەما مێژوویی و ڕوحییەکان دەبنە سەرمایەیەکی یاسایی نەمر کە هیچ هاوکێشەیەکی هەرێمی ناتوانێت کۆتایی بە ڕەوایەتییەکەی بهێنێت.

لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و وەڵامێکی شارستانییانە بوو بۆ سەدەیەک لە زوڵم، سڕینەوە، ڕاگواستن و نادادپەروەریی سیاسی.

کاتێک سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بە پێشەوایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە هاوکاریی دەنگی دەستەجەمعیی جەماوەر بڕیاری ڕیفراندۆمیان دا، لە ڕاستیدا پیادەکردنی ڕاستەقینەی هەمان ئەو مافە یاساییە بوو کە دەیان نەتەوەی جیهانی پێی گەیشتنە کەناری ئارامی، بێگومان لە قۆناغە سەختەکاندا، گەلی کورد سەلماندی کە سەرەڕای ئەنفال، کیمیاباران و شەڕی نەبڕاوەی مانەوە، توانیویەتی شوناسی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت و لە ناوەڕاستی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە سەنگەری سەرەکیی پاراستنی بەها ئازادیخوازەکان.

شیکاریی لۆژیکی بۆ ڕووداوەکان، دەیسەلمێنێت کە دەنگی ٩٣٪ی خەڵکی کوردستان تەنیا کاغەزێکی ناو سندووقەکان نەبوو، بەڵکوو بوو بە بەڵگەیەکی یاسایی و نەتەوەیی نەمر کە بۆ هەمیشە بوونی کوردی لە ناو بەڵگەنامە باڵاکانی مێژووی هاوچەرخدا تۆمار کرد، ئەگەرچی هاوکێشەی دیپلۆماسی و بەرژەوەندییە سیاسییەکان ڕێگەیان نەدا نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات، بەڵام مافی بڕیاردانی چارەنووس، مافێکی سرووشتی و بەرایی نەتەوەییە کە بە ڕەزامەندیی زلهێزەکان دروست نابێت، بەڵکوو بە ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل لە مێژوودا دەچەسپێت.

ئەم وەرچەرخانە لە مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا ئەزموونێکی ناسراوە، بۆ نموونە گەلی تیمۆری ڕۆژهەڵات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کاتێک لە ساڵی ١٩٩٩دا ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دا، سەرەتای هەنگاوەکەیان زۆر سەخت بوو و تەنانەت زۆربەی زلهێزەکان دژی بوون، بەڵام کۆڵنەدان و چەسپاندنی ئەو ئیرادە ڕەوایە لە دەفتەری مێژوودا ڕێگەی خۆش کرد تا پاش چەند ساڵێک و لە دەرفەتێکی گونجاوی سیاسی و نێودەوڵەتیدا، سەربەخۆیی تەواوەتیی خۆیان بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بۆیە، ئاسۆی داهاتووی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی نەتەوەی کورد، بەستراوەتەوە بە دروستکردنی گوتارێکی هۆشیارانە و بەهێز لەسەر بنەمای بەستنەوەی ڕابردوو بە ئایندە، هەروەها ٢٥ی ئەیلوول تەنیا یادکردنەوەیەکی سۆزداری نییە، بەڵکوو هێزێکی ڕوحی و چوارچێوەیەکی یاسایی بەردەوامە بۆ نوێکردنەوەی ئیرادەی نەتەوە.

لەم نێوەندەدا ئەرکی تاک بە تاکی نەتەوەی کوردە بە تایبەت خوێندەواران، توێژەران و ڕۆشنبیران کە بە زمانی زانست، لۆژیک و شیکاریی سەردەمیانە، ئەم بەڵگەنامە مێژووییە وەک بنەمایەکی نەگۆڕی ناسنامەی کوردی بهێڵنەوە، تا نەوەی داهاتوو بە متمانە و باوەڕبەخۆبوونەوە سەرکردایەتیی قۆناغی بڕیارسازی و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی کوردستان بکەن.