Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ئاکرێ، سۆران و شەقڵاوە یادی ٩ ساڵەی ڕیفراندۆم بەرز ڕاگیرا

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی نۆیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و بۆ بەرزڕاگرتنی ئیرادەی نەتەوەییی گەلی کوردستان، لە سنووری لقەکانی ٩ی ئاکرێ، ١٠ی سۆران و ٢٤ی سەفین، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی، ئەکادیمی و کەسایەتییە سیاسییەکان، زنجیرەیەک کۆڕ، سەمیناری شیکاری و ڕێوڕەسمی جەماوەری بەڕێوە چوون.

​لە سەر ئاستی دەڤەری ئاکرێ و لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان، بە ئامادەبوونی مەردان خدر، بەرپرسی لقا ٩ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە ڕێکخستنی لقی ئاکرێی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە ژێر دروشمی (٢٥ێ ئەیلولێ ڕۆژەک د مێژووا گەلێ کورد دا، ڕۆژا دەنگ و هیڤیا مللەتی) سازکرا. لە وتارێکدا بەرپرسی لقی ٩ جەختی لە گرنگی سیاسی و مێژوویی ئەو ڕۆژە کردەوە و دەستخۆشی لە ڕۆڵی لاوان و قوتابیان کرد بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە نەتەوەییە.

​هاوکات لە سۆران و لە هۆڵی هەژار موکریانی لە بارەگای لقی ١٠، بە سەرپەرشتی بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بەڕێوەچوو. لە ئاهەنگەکەدا هەڵگرانی مەدالیای بارزانی نەمر، کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیر ئازاد جوندیانی، نوێنەرانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان، بەرپرسانی حزبی و حکوومی و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان ئامادەبوون. پاش پێشکەشکردنی وتاری بەرپرسی لق، کۆڕێکی تایبەت بۆ ئازاد جندیانی دەربارەی ڕەهەندە سیاسی و مێژووییەکانی ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو و بە پرسیار و سەرنجی ئامادەبووان دەوڵەمەند کراو لە کۆتاییدا ڕێز لە خەباتی نەوەکانی پێشوو گیرا.

​لە لایەکی ترەوە و لە کۆلیژی تەکنیکی شەقڵاوە، لە چالاکییەکی هاوبەشی ڕاگرایەتی کۆلیژ و لقی سەفینی یەکێتی قوتابیان و لاوان و ڕێکخراوی زانستی کۆلیژ، ڕێوڕەسمێک بە جۆش و خڕۆشێکی جەماوەرییەوە بەڕێوەچوو. لەم چالاکییەدا کە بە ئامادەبوونی هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین، دەستەی کارگێڕیی لق، قائمقامی قەزا بەیەکەوەکراوەکانی سنورەکە و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیان بەڕێوەچوو، پاش وتاری بەخێرهاتن، د عەبدولخالق نادر ڕاگری کۆلیژ، هیوا گەیلانی بابەتێکی شیکاریی سیاسی و نەتەوەیی لە ژێر ناونیشانی (ئامانج و خەباتی یەک سەدەی نەتەوەیەک بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی) پێشکەش کرد. بەرنامەکانی ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکی تایبەت، نمایشکردنی فیلمێکی بەڵگەنامەیی (دۆکیۆمێنتاری) و پەخشکردنی سروودی نیشتمانی و گۆرانی کۆتاییان پێهات.