Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ ساڵیادی ڕیفراندۆمە، ئەو ڕۆژەی زیاتر لە 92%ی کوردستانیان دەنگیان بە (بەڵێ) دا

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 25ـی ئەیلوولی 2026، نۆ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی مێژوویی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی تێپەڕ دەبێت کە لە 25ـی ئەیلوولی 2017دا، گەلی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە شێوازێکی دیموکراسییانە و ئاشتییانە ئیرادە و ویستی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بە جیهان ڕاگەیاند و نزیکەی 93% دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.

لە 7ی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵا هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم درا و ئەنجومەنی باڵای پێکهێنرا، ئەو لایەنانەی بەشداربوون لە ئەنجومەن بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێکهاتەکان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆژی 25ى ئەیلوولی 2017، وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە ڕەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕی.

10 ڕۆژ پێش ئەنجامدانی لە 15/9/2017، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی پەسند کرد. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد.

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم قۆناغێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم بخەنەگەڕ.

گرنگی زیاتری بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوەدا دەركەوت، كە نەوەك تەنیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، بەڵكو پرۆسەكە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێتەوە، بڕیارەكەش پشت به‌ستوو بوو به‌ بنه‌ماكانی مافی چاره‌ی خۆنووسین، كه‌ مافێكی دانپێنراوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، و به‌و پێیه‌ی گه‌لی كوردستان خاوه‌ن هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆیه‌تی له‌ڕووی خاك، زمان، كلتوور، مێژوو و شوناس، و گشت بنه‌ماكانی پێناساندنی وه‌كو گه‌لێك ھەیە، بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان مافی هه‌یه‌ بڕیار بدات له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆی.

لە 25/9/2017، ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان لە ڕیفراندۆم هەبوو، 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشداریان لەو ڕاپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لە ڕیفراندۆم 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%.

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش مافێکی یاسایی گه‌لی كوردستان بوو، بە تایبەت كە هه‌ر له‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق خه‌باتی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی و بۆ پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكەی عێراق و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، چه‌ندین به‌ڵێن و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌شكراون. به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌موویان پێشێلكراون و پشتگوێخراون و وه‌ڵامی داواكارییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌واكان به‌ ئاگر و ئاسن دراونه‌ته‌وه‌، و گه‌لی كورد تووشی نه‌هامه‌تی زۆر هاتووه‌ وه‌ك جینۆسایدكردن له‌ژێر ناوی ئه‌نفال و ڕاگواستن و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێ‌، خاپووركردنی گوند و ئاواییه‌كان و ژێرخانی ئابووری، و به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ دژی خه‌ڵكی سیڤیل.