Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: لە ئاهەنگی کۆڵن ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی 3ی 2025، سەرۆك مەسعود بارزانی لەبارەی ئاهەنگی نەورۆزی شاری كۆڵنی ئەڵمانیا پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ی ئەڵمانیادا كرد."

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامی سەرۆك بارزانییە..

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد. بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتوانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لەم گردبوونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە، كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی.

هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربوان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.

لێرەدا سوپاسی تاك تاكی ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشی كوردانە و بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهانیان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم.

هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن.

 

مسعود بارزانی

23ی ئاداری 2025