Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆژی ئازادکردنی کەرکووک هێمای خەبات و ئازایەتیی کەرکووکییەکانە

د. محەمەد خورشید

سی و چوار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ڕۆژی پڕشنگدار لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە کەرکووکی دڵی کوردستان هەڵکەوتەوە، ئەو ڕۆژەی بە بڕیار و ڕێنمایی جەنابی سەرۆک بارزانی شاری کەرکووک ئازادکرا.

ئازادکردنی کەرکووک هاودەم لەگەڵ هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، لەم ڕۆژەدا جەژنی نیشتمان و ئازادی کەرکووک پێکەوە گرێدران کە ئەم دوو ڕووداوە مەزنە لەیەک کاتتدا بۆ خۆی مانای تایبەتی هەبوو، ڕۆژانێک بۆ کەرکووک و کوردستان و هەموو کوردان ئیلهام بەخشی نەتەوەیی بوون.

دواى ئازادكردنى كه‌ركووک عەرەبی هاوردە ئارزوومەندانه و بەبێ هیچ فشارێک كه‌ركووكیان به جێ هێشت، ئەمە دەریخست تەعریب سیاسەتێکی فاشیله و كەركووك موڵکی كوردستانیانه.

ڕۆڵ و پێگە و قارەمانێتی هێزەکانی پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر دیار و بەرچاو بوون، پارتی شەهیدێکی زۆری پێشکەش بە خاکی کوردستان و بەرگری لە کەرکووک کرد، کە شەهیدەکانی نێو (مەعەسکەر خالید) بۆ خۆیان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن.

هەروەکو جەنابی سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا باسی پێشمەرگە و کەوادرەکانی لقی سێی پارتیمان دەکات، کە ڕۆڵی کاریگەرییان لە ئازادکردنی شاری کەرکووکدا هەبووە. 

هەمیشە کەرکووک هێمای ئازادی و سیمبولی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی گەلی کوردستان بووە، بارزانیی نەمر فەرموویەتی: (کەرکووك دڵی کوردستانە).

‎لەم یادە پڕ شکۆیەدا پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و کەرکووکی خۆڕاگر دەکەدین.

‎سەری ڕێز و نەوازش دادەنووێنین بۆ ڕوحی پاکی سەرۆکی ڕوحیی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد.

 

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان