Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: نەورۆز بیرهێنانەوەیە کە ستەم تاسەر بەردەوام نابێت

ئاکرێ-KDP.info- سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: نەورۆز تەنیا ڕۆژێکی نوێ نییە، بەڵکو بیرھێنانەوەیەکە کە زووڵم و ستەم تاسەر بەردەوام نابێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی ئاداری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە ئاھەنگی نەورۆز لە ئاکرێ، وێڕای بەخێرھاتنی میوانەکان گوتی: چەندین ساڵە کچ و کوڕی ئاکرێ، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز دەبەنە سەر چیای کەلێ، کە وایان کردووە قەزاکە ببێتە پایتەختی نەورۆز.

ھاوکات دەڵێت: "نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، چونکە پێشمەرگە و سەروەر و ڕێبەر سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئێمەیەدا لە ئاھەنگەکەدا بەشدارە."

سەرۆکوەزیران سوپاسێکی تایبەتی خەڵکی ئاکرێ دەکات و دەڵێت: "ھەموو ساڵێک خەڵکی ئاکرێ زۆر ماندوودەبن لە ڕێکخستنی ئاھەنگی نەورۆز، ھەروەھا دیمەنی جوانی ئاکرێ نیشانی ھەموو جیھان دەدەن و باوەشیان بۆ گەشتیاران دەکەنەوە."

لەبارەی نەورۆزەوە، مەسروور بارزانی، گوتی: نەورۆز تەنیا ڕۆژێکی نوێ نییە، بەڵکو بیرھێنانەوەیەکە کە ستەم و زووڵم تا سەر بەردەوام نابێت و ئەو نەتەوە و گەلەی کە داوای ئازادی دەکەن ڕۆژێک ھەر پێی دەگەن و بە دەستی دەھێنن.

سەرۆکوەزیران ھیوای خواست، جەژنی نەورۆز ببێتە مایەی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەختەوەری بۆ گەلی کورد لە کوردستان و سەرانسەری جیھان.