Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری كارەبا له‌ باره‌ی پڕۆژەی ڕووناكییه‌وه‌ دڵنیایی دەداته‌ هاووڵاتییان

ھەولێر-KDP.info- وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە پڕۆژەی ڕووناكی، بۆ سوودی هەمووان دەبێت و ڕاشیدەگەیەنێت، "ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی ڕووناكی بۆ هاووڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە هەردوو کارەبای موەلیدە و نیشتمانی."

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی 3ی 2025، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەو پارەیەی لە پڕۆژەی ڕووناكی بۆ هاووڵاتییان دێتەوە، كەمترە لەو پارەیەی ئێستا دەیدەنە هەردوو کارەبای موەلیدە و نیشتمانی."

وەزیری كارەبا ڕاشیگەیاند: "پڕۆژەی ڕووناكی، كارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانی كوردستان دابین دەكات، خەونێك بوو، كە چەندان ساڵە هاووڵاتییانی كوردستان چاوەڕوانی بوون."

ئاماژە بەوەش دەكات، كە "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان، (90%)یان لە پڕۆژەی ڕووناكی پارەی زیاد نادەن، بۆیە پارەی پڕۆژەی ڕووناكی لە پارەی ئێستای موەلیدە كەمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی نابێت و ژینگەش پیس ناکات، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە بین و پشتیوانی لێ بكەین."

جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان، پڕۆژەی ڕووناكی بۆ "سوودی هەموان دەبێت."