Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانی نەمر لە چیای شیرینەوە بۆ ناو دڵی هەموو کوردستانییەك

دکتۆر سامان سۆرانی 

ڕاستە بارزانی نەمر لە ١٤ی ئاداری ساڵی ١٩٠٣ لە کەناری چیای شیرین لە گوندی بارزان لە بنەماڵەیەکی ئایینپەروەری سەر بە تەریقەتی نەقشبەندی و تەژی لە هزری نەتەوەیی چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و ئەمڕۆ ١٢٢ ساڵ بەسەر ئەو یادە تێدەپەڕێ و ئێمە بە شکۆ و ڕێزەوە پێشوازی لەو یادە دەکەین، بەڵام پێویستە ڕۆڵی لەدایکبوونی سەرکردەیەکی مەزن، کە بە خەباتی چەکداری و سیاسی و دیبلۆماسی لەپێناو سەربەخۆیی میللەتەکەی زۆر بەهەند وەربگرین. 

ئەم یادکردنەوەیە جەختکردنەوەی لەسەر بەرده‌وامی هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان. 

بارزانی نەمر، کە سمبولی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلێکی مافخوراوە، بە فەلسەفە و باوەڕهەبوون و پابەندبوونی بە یەكبوونی نەتەوەی کورد و دادپەروەی کۆمەڵایەتی و مافی ڕەوای گەلەکەی و بە خەباتی بێ ووچانی لە پێناو گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ کوردایەتی لە ناو دڵی هەموو کوردستانییەك شوێنەواری خۆی بە شێوەیەکی ئەرێنی جێ هێشتووە. 

مستەفا بارزانی وەکو کەسایەتییەکی ناوازە دامەزرێنەری ڕێبازێکە بۆ ئازادی و یەکسانی و هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئیلهامبەخشە بۆ هەموو ئازادیخوازێك، هەر بۆیە ئەمڕۆ كورد و بیانی لەسەرتاسەری جیهان بە شکۆوە یادی دەکەن.  

بارزانی نەمر دیدگایەکی ستراتیژی ڕوونی هەبوو بۆ ئایندە و دەیزانی ئالنگارییەکانی بەردەم گەلی کوردستان چین و چۆن دەبێ بەسەریاندا زاڵ بین. لەسەردەمی سەتەمکاری و چەوساندنەوە ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە بەخشینی هیوا و هاندانی تاكی کورد بۆ خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و گەیشتن بە ئامانجەکان، هەر بۆیە توانی جەماوەری کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بێ ڕەچاوکردنی ئایین و نەتەوە و تایەفە لە دەوری فەلسەفەکەی کۆ بکاتەوە و لە چوارچێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شۆڕش و ڕزگاری ڕێکیان بخات. 

ڕیبازی بارزانی نەمر کارکردنە لە پێناو بونیادنانی ناسنامەیەکی نیشتمانی کۆمکار، تا بتوانێ پشکدار بێت لە بەهێزکردنی هەستکردن بە یەکبوون و هاوکاری. 

هەوڵەکانی بارزانی نەمر تەنیا لە خەباتی سەربازی خۆی قەتیس نەکردبوو، بەڵکو توانای دانوستانی لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی پاڵپشتی و هاوکاری گەلان و دەوڵەتانی دۆست و قایلکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوەی گەلی کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە، دەسکەوتی زۆری بۆ گەلی کوردستان زامن کرد.  

بارزانی نەمر بە پشوودرێژی خۆی و بەوەی دوو جار ڕووبەڕووی تێرۆرکردن بۆوە و چەندین جار لە سەنگەر مەرگی بە چاوی خۆی بینیوە، ئەوەی سەلماند، کە کەسایەتی سەرکردە و پێشەنگ پێویستە باوەڕی تەواوی بە قوربانیدان هەبێت، بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بەهێزکردنی پێگەی گەلەکەی. 

بۆیە ڕۆژبوونی بارزانی نەمر بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی کوردستان ئەژمار دەکرێت و ئێمەش لەم یادە پیرۆزە، کە تاکی کوردستانی لە ڕێگەیەوە زۆر بەهای وەکوو ئازایەتی و خۆڕاگری و باوەڕبوون بە بەها بەرزەکانی نیشتمان فێر دەبێت، بە دەنگی بەرز دەڵێن: بژی کورد، بژی کوردستان.