Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: داواکارین عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر عێراق پابەندی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بێت، چیتر گرفتی مووچە دروست نابێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە ڕەوانە دەکرێت بەبێ دواکەوتن دەشڵێ، بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش  حکوومەتی ھەرێم دوو داواکاریی ھەیە.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بەڵام پێویستە میکانیزمێکی ڕوون ھەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە عێراق لەو نەوتەی بۆ ناوخۆ بەکاری دێنێت ڕێژەکەی چەند بێت ١٤%ی بۆ ھەرێمی کوردستان بێت بۆ پێداویستیی ناوخۆ و بۆ دابینکردنی پارەی کرێی کۆمپانیاکانیش ئالیەتێک دابنرێت و وەزارەتی دارایی عێراق میکانیزمەکە دابنێت و ڕوونی بکاتەوە چۆن پارەی کۆمپانیاکان خەرج دەکات، بۆیە حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە دەست بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بکاتەوە بە زووترین کات بەپێی ھەمواری یاسای بودجەی عێراق، کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و پەسەند کراوە، چونکە ئەو کارە لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستاندایە.

سەبری گوتیشی، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان  و عێراق، پێویستە ھەموو مانگێک پێش کۆتاییھاتنی مانگ بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەمەش لە پێناو ئەوەی وەکو ساڵی ڕابردوو مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دوانەکەوێت و ھەموو مانگێک و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە ڕەوانە بکرێت و ئەو گرفتە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و مانگانە دووبارە نەبێتەوە، بۆیە داواکارین عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت و ھیچ بەربەستێک لە بەردەم ڕێککەوتنەکە دروست نەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر عێراق پابەندی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا بێت، بۆ ئەمساڵ گرفتی ھاتنی مووچە دروست نابێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە ڕەوانە دەکرێت و ئەو گرفتەی ھاتنی مووچە چیتر دروست نابێت.

 

بڵند ئیبراھیم