Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی بۆ KDP: قۆناغی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، لەمەودوا قۆناغی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات، شارەوانییەکانیش بۆ دابەشکردنی زەوی ڕاسپێردراون.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، تا ئێستا ٢٤٠ ھەزار ناوی فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕاونەتەوە و ناوەکانیش بۆ شارەوانییەکان نێردراون، بۆ ئەوەی زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت، ئێمەش کار دەکەین تاوەکو ھەفتەی داھاتوو وەجبەیەکی دیکەش ڕەوانە بکەین، ئێستا کاری وردبینی دەکەین، ڕەنگە ١٥٠ ھەزار ناوێک مابێت، ئەوەی تەواو بێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە دەکرێن بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە ھەوڵ دەدەین لە ماوەی دوو مانگی داھاتوودا کۆتایی بە وەرگرتنی ڕەزامەندی بهێنین.

مەولوود گوتیشی، لەمەودوا قۆناغی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات، شارەوانییەکان ڕاسپێردراون، ھەندێک لە شارەوانییەکان ئامادەکارییشیان کردووە، ئەوانیش گرفتیان لەگەڵ کشتوکاڵ هەیە و لە هەندێک شوێن مەلاکەکان ڕازی نین، بەڵام ئەوانیش کاری خۆیان کردووە، بۆیە مادام ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان ھەیە، زەوییان پێدەدرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت زەوییان بۆ دابین بکرێت و دەست بە دابەشکردنی بکرێت. 

دەشڵێ، لە ھەر شوێنێک گرفت ھەبێت چارەسەر دەکرێت، شارەوانییەکان ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی تا کۆتایی ساڵ ھەوڵ بدەن کاری دابەشکردن تەواو بکەن، چونکە سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران زۆر جیددین لەسەر ئەوەی فەرمانبەران زەوی وەربگرن، بەڵام ئەو پرۆسەیە وردەکاریی زۆرە و وەزیریش خۆی بەردەوام لەسەر هێڵە. 

 

بڵند ئیبراھیم