Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەشناسی هەرێم: سبەی لە سەنتەری شارەکان بەفر دەبارێت

ھەولێر-KDP.info- کەشناسی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥، بەفر لە زۆربەی ناوچە بەرزەکانی ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەی پچڕ پچڕ بەفر دەبارێت. ھاوکات لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەش بەفر دەبارێت، ھەروەھا بەفرێکی کەم لە سەنتەری پارێزگای ھەولێر و کەرکووک دەبارێت.

"بەفربارینەکە جگە لە سەنتەری شارەکان، قەزا و ناحیەکانی سنووری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە".

ئەو کەشناسە گوتیشی: "بەفربارینی ھەولێر و کەرکووک کەم دەبێت لەشێوەی کڕێوە، دۆخی کەشوھەواش تاوەکو چوارشەممە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە".

بە گوێرەی کەشناسیی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی سێ پلە دادەبەزێت و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی دیکە دادەبەزێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بۆ سبەی یەکشەممە بەمشێوەیە دەبێت:

ھەولێر: ٦  پلەی سیلیزی

سلێمانی: ٢ پلەی سیلیزی

دھۆک: ٤ پلەی سیلیزی   

زاخۆ: ٥ پلەی سیلیزی

ھەڵەبجە: ٣ پلەی سیلیزی

کەرکووک: ٧ پلەی سیلیزی

گەرمیان: ٧ پلەی سیلیزی