Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"زانیاری ورد لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە"

بەغدا -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی "ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ھیچ گرفتێکی تەکنیکی نەماوە و بە قسەی وەزیری نەوتیش ئەم ھەفتەیە دەست بە ھەناردەکردنەوە دەکرێت، ئەمەریکاش فشار دەکات دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بکرێتەوە، بۆیە ئێستا ھیچ بەربەستێک لە بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەماوە." 

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بەپێی پەیوەندی نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا، ھەندێک نامە ئەڵوگۆڕ کراوە بۆ ئەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە زووترین کات بەپێی یاسای لە پەرلەمان ھەموار کرایەوە هەناردە بکرێتەو.

وەزیری نەوتی عێراقیش گوتوویەتی "هەوڵ دەدرێت لەم ھەفتەیە نەوتی ھەرێم بکرێتەوە ٣٠٠ھەزار بەرمیل، ئەوە لەقۆناغی یەکەم، تێچووشی ١٦دۆلار دەبێت"  شاندێکی عێراق ھاتبووە ھەولێر و گفتوگۆ کرابوو کە هەر گرفتێکی تەکنیکی ھەبێت چارەسەر بکرێت، گفتوگۆکان ئیجابی بوون، ئێستا دەیانەوێت لەسەر ھێڵی ٣٦ کار بکەن، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان دەچێت، بۆیە گفتوگۆکان تەواو بوونە."

دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی"خۆشم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقم کرد و گەیشتینە ئەوەی ھیچ گرفتێک نییە، شاندی ئەوانیش بە ئیجابی گەڕاونەتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بکرێت، تەنیا ھەندێک خاڵ ھەیە لەسەر ئەوەی پێویستە زەمانەتێک ھەبێت بۆ دانی ١٦ دۆلاری تێچووی نەوتی ھەرێم و پێویستە زەمانەتێکیش وەرگرین بۆ ئەوەی مافی کۆمپانیاکان پارێزراو بێت." 

سوبحی باسی لەوەش کرد "دوو ساڵە نەوتی ھەرێم ڕاگیراوە و دەستپێکردنەوەی پێویستی بە ئامادەکاری زیاترە، بۆ ئەوەی بزانن تۆڕباینەکانی سەر بۆڕی نەوت بە تەواوی کار دەکەن یان نا، تورکیاش ئامادەیی دەربڕیوە، گرینگیش دەستپێکردنەوەیە، ئەوکات دەتواندرێت ھەر گرفتێکی تەکنیکی ھەبێت چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بکەوێتەوە سەر سکە، چونکە فشاری نێودەوڵەتی و ناوخۆییش ھەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کە لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دایە."  

 

بڵند ئیبراھیم