ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکاریی تەواو کراوە و بڕیارە لەم ھەفتەیەدا ئەنجامی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕابگەیەندرێت، کە تێبینی و داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەبەرچاو گیراون.
مەحموود عوسمان، سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری پرۆسەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیار وایە ٢٤ی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە ھۆتێل بابل قۆناغی یەکەمی ئەنجامەکانی پرۆسەی سەرژمێری لەسەر ئاستی عێراق ڕابگەیەندرێت و لە قۆناغی یەکەمیشدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرێن، بەڵام وردەکاریی پرۆسەکە لە قۆناغێکی دیکەدا ڕادەگەیەندرێت.
عوسمان گوتیشی، بڕیارە لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ئێمەش ئامادە بین، بۆیە ئێمە پێشتر کۆمەڵێک داواکاری و تێبینیمان ھەبوو و ھەمووی لەبەرچاو گیراون، چونکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خۆی بڕیاری دابوو و خۆیشی جێبەجێیان دەکات، بۆیە لەم ھەفتەیەدا ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی ڕادەگەیەندرێت.
بڵند ئیبراھیم