ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، کارکردن بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە و دروستکردنی یەک ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ئێستا یەکخستنی چوار فیرقە تەواو بووە و کار لەسەر سێ فیرقەی دیکەش دەکرێت، کە تاوەکو کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن ١١ فیرقە و یەک ھێزی پێشمەرگە.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە، ئێستاش کار لەسەر دروستکردنی فیرقە دەکرێت، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن لەشکرێکی نیشتیمانیی یەکگرتوو، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە تاوەکو پێشمەرگە ببێتە یەک ھێز و لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت و ھیچ کەس نەڵێت ئەمە پێشمەرگەی فڵانە و ئەوەی دیکە پێشمەرگەی فیسار لایەنە، دەبێت پێشمەرگە لە ژێر ئاڵای کوردستان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت.
زێباری گوتیشی، ئێستا ئەم یەکخستنەوەیە بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و سەرلەنوێ پێشمەرگە رێک دەخرێتەوە و پڕچەک دەکرێت و لەشکرێکی زۆر ڕێکوپێک دروست دەکرێت و تاوەکو ئێستا چوار فیرقە تەواو بوونە و دەستبەکار بوونە، ئێستاش سێ فیرقەی دیکە ئامادە کراون و لە قۆناغی کۆتاییدایە و خەریکە دەچن بۆ مەشق و راھێنان و بڕیارە تا کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن ١١ فیرقەی پێشمەرگە.
دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جیددییە بۆ ئەوەی یەک ھێزی پێشمەرگەمان ھەبێت و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە و ھێزەکانی ھاوپەیمانیش زۆر ھاوکارن و پاڵپشتی لە ھێزی پێشمەرگە دەکەن.