Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت ١٦ ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و بەشێک لەوانە دەست بە دروستکردنیان کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمە بە کەرتی پیشەسازی.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە و بۆ ئەو مەبەستەش بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو شارەکان دروست دەکرێن، نەک تەنیا لە پارێزگاکان، بگرە لە قەزاکانیش و ئێستا لە زاخۆ و ھەولێر و سلێمانیش دەست بە دروستکردنیان کراوە و بەردەوام دەبین و لە ھەموو ناوچەکان ناوچەی پیشەسازیی جۆراوجۆر دروست دەکرێن.

شوکری گوتیشی، بڕیارە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ١٦ ناوچەی پیشەسازی دروست بکرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە کەرتی پیشەسازی زیاتر پێش بخرێت، چونکە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکات، چونکە کەرتی پیشەسازی زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و دەبینە خاوەن بەرھەمی خۆمان و لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەرھەمەکان بەرھەم دێن و دەتوانین لە ھەموو ڕوویەکەوە سوودیان لێ وەربگرین.

لە ساڵانی ڕابردوودا دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی بە ٣٢٨ پڕۆژەی پیشەسازی داوە بە سەرمایەی ٢٤ ملیار و ٤٢١ ملیۆن و ٧٠٦ ھەزار و ٦٦٩ دۆلار، کە زۆرترین پڕۆژەن لە ھەموو سێکتەرەکاندا مۆڵەتیان پێدراوە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی داھاتەکان، گرنگیی زۆر بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدات، لەم کابینەیەشدا ئەم کەرتانە بووژانەوەی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە.

 

بڵند ئیبراھیم