Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیبراهیم کورێش بۆ KDP باسی ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆک بارزانی لە ناوچەکەدا دەکات

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئیبراهیم کورێش، سەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنیی عەفرین، لەبارەی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرکردەیەکە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و رۆڵێکی سەرەکیی لە داهاتووی سووریا و پێکهاتەکانیدا هەیە. 

ئیبراهیم کورێش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ماوەی دەیەی رابردوودا، سەرۆک مەسعود بارزانی جێگە و پێگەی خۆی وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی سەلماندووە، کە کاریگەریی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق تێپەڕیوە و هەموو کوردانی لە هەر شوێنێک بن و گەلی سووریای بە گشتی گرتۆتەوە. لە رێگەی رۆڵە سیاسی، مرۆیی و سەربازییە گرنگەکانییەوە، سەرۆک بارزانی بووەتە سەرکردەیەکی گرنگ لە پشتگیریکردنی دۆزی سووریا بە گشتی و دۆزی کوردی سووریا بە تایبەتی، وەک سەرکردەیەکی بەرپرسیار لە نێو قەیرانە جۆراوجۆرەکاندا.

(پشتگیریی تەواو بۆ گەلی سووریا)

ناوبراو جەختی کردەوە، هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە روون و جێگیر بووە، پشتگیرییەکی تەواوی بۆ سوورییەکان بەبێ جیاوازی پێشکەش کردووە. وەرگرتنی سەدان هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی کردەییە بۆ ئەم پشتگیرییە، سەرەڕای فشارە ئابووری و سیاسییەکانی سەر هەرێم، بارزانی دوودڵ نەبوو لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی مرۆیی، جەختی کردەوە کە قەیرانی سووریا بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە.

 

گوتیشی، لە کاتی کارەساتە سرووشتییەکاندا، وەک بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سووریا و تورکیا، وەڵامدانەوەی سەرۆک بارزانی خێرا و کاریگەر بوو، یارمەتییە مرۆییەکان گەیشتنە هەموو ناوچە زیانلێکەوتووەکان، لەوانە عەفرین و ناوچە عەرەبی و فرەپێکهاتەکان. ئەم هەڵوێستە پابەندبوونێکی مرۆیی پیشان دەدات کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، لەگەڵ گرنگیدان بە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا.

وەک کورێش دەڵێت، لە دیدار و لێدوانەکانیدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردۆتەوە کە چارەسەری قەیرانی سووریا لە دیالۆگ و یەکڕیزیدایە. بانگەوازی کوردانی سووریای کردووە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانیان و پێکهێنانی شاندێکی دانوستانکاری یەکگرتوو کە مافەکانیان لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی لەگەڵ دیمەشق مسۆگەر بکات. لە هەمان کاتدا، سەرۆک بارزانی دوودڵ نەبووە لە رەخنەگرتنی راستەوخۆ لە دەستێوەردانی دەرەکی، بە تایبەتی لە لایەن پەکەکەوە، کە بوونی لە سووریا بە بەربەستێک وەسف کردووە کە باری کورد قورس دەکات و لە دژی بەرژەوەندییەکانیان دەوەستێتەوە. لەم روانگەیەوە، سەرۆک بارزانی ئامۆژگاریی مەزڵوم عەبدی کردووە بۆ رزگاربوون لە کاریگەریی دەرەکی و جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە سووریا.

دەشڵێت، جیهان وەک سەرکردەی نەتەوەی کورد سەیری بارزانییەکان دەکات، ئەم رۆڵە سیاسییە پشتڕاست دەکاتەوە کە سەرکردایەتیی بارزانی تەنیا سەرکردایەتییەکی خۆجێیی لە کوردستانی عێراق نییە، بەڵکو سەرکردایەتییەکە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت و خاڵی پشتبەستنە بۆ کوردان لە هەر شوێنێک بن، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگی لەگەڵ پێکهاتەکانی تری ناوچەکەدا.

 

 

(بارودۆخی فرەپێکهاتەیی سووریا)

 

ئیبراهیم کورێش ئاماژەیشی دا، لە رووی سیاسییەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی دەزانێت کە چارەسەری قەیرانی سووریا ناکرێت بەبێ هاوکاریی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بێتە دی. بۆیە، هەوڵی داوە پردی رێزی دووقۆڵی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و سریان و ئاشووری دروست بکات، جەختی کردۆتەوە کە سەقامگیریی سووریا پشت بە پێکەوەژیانی نێوان هەموو پێکهاتەکان و دابینکردنی مافەکانیان بەبێ جیاوازی دەبەستێت.

پشتگیریی بارزانی بۆ ناوچە فرەپێکهاتەکان لە کاتی قەیران و کارەساتەکاندا، روانگەیەکی سیاسیی گشتگیر پیشان دەدات کە پێی وایە سەقامگیریی سووریا لەسەر پێشخستنی پێکهاتەیەک بەسەر ئەوی تردا نییە، بەڵکو لەسەر دابینکردنی مافی هەمووانە. هەروەها بانگەوازی بۆ دامەزراندنی سیستمێکی فیدراڵی لە سووریا، چارەسەرێکی سیاسییە کە مافی عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی تر دابین دەکات و وڵات لە گەڕانەوە بۆ ناوەندێتی حوکمی سەرکوتکەر دەپارێزێت. کورێش وای گوت. 

(بارزانییەکان پاڵپشتی کوردی سووریا و هەموو پێکهاتەکانی سووریان)

کورێش دریژەی بە قسەکانی دا و گوتی: لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە تا ئەمڕۆ، سەرکردایەتیی بارزانی، بە سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانییەوە، سەلماندوویانە کە پاڵپشتی راستەقینەی کوردی سووریان. ئەم پشتگیرییە تەنیا لایەنی سیاسیی نەگرتۆتەوە، بەڵکو لایەنە مرۆیی و سەربازی و ئابوورییەکانیشی گرتۆتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. روانگەی سیاسیی بارزانییەکان هەرگیز تەسک یان سنووردار نەبووە بە جیۆگرافیایەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو روانگەیەکی نەتەوەیی و مرۆیی گشتگیرە کە باوەڕی وایە کوردان نەتەوەیەکن لە هەر شوێنێک بن و هاوکاری لەگەڵ پێکهاتەکانی تری ناوچەکەش، کلیلی بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشە، بۆیەش بە سەرکردایەتیی بارزانییەکان، بەم زووانە نوێنەرایەتییەکی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە سووریا دەبینین، کە رۆحی یەکێتی و خواستی بەرەو داهاتوویەک پیشان دەدات، کە سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا تێیدا جێی دەبێتەوە.

 

کاروان باعەدری