داڤۆس-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان هەیە، ھاوکات دەشڵێ، چەندین ڕێککەوتن واژوو دەکرێن و ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی ئابووری جیھانی.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا زۆر گرنگە، چونکە لەو کۆڕبەندە بەدەیان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان بەشدارن و سەرۆکی حکوومەتیش لەو کۆڕبەندە لەگەڵ زۆرینەیان دیدار و کۆبوونەوەی ھەیە کە ئەمە ڕووداوێکی زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان کاریگەرە و سەرۆکی حکوومەتیش ئێستا بەیاوەری شاندێک لە کۆڕبەندی داڤۆس بەشدارە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژە بەوەش دەکات، "ژمارەیەکی باشی وەبەرھێنەری ھەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندە بەشدارن و ژمارەیەک ڕێککەوتنی باشی وەبەرھێنان ئەنجامدەدرێن و بەگشتی کاریگەری ئەو کۆڕبەندە لەسەر ئابووری جیھان زۆرە و زۆریش گرنگ دەبێت، بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەت و شاندی یاوەری لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس گرنگی یەکجار زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە ھەرێمی کوردستان بەشدارە لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابووری جیھان.
بڵند ئیبراھیم