Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بڵاوكردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی.

دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو.

بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین کە ڕۆڵی کوردستانیانە و نیشتمانیانەیان بینی، هەروەها دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی  گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەرکردنی غەدرێکی دەیانساڵە کە بەرامبەر کورد و تورکمانی شاری کەرکووک کراوە.

هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پتەوکردنی بنەماکانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت و، چاوەڕوانیشمان لە حکوومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەکان هەیە کە لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن. 

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٢ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥