Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کاکەیی بۆ KDP: توانیمان کۆتایی بە داگیرکاری سەر زەوی جووتیارانی کورد بێنین

کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، ھەموو فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە کاریان کردووە و توانیویانە سەرکەوتووبن بە یاسا بڕیارەکانی قیادەی سەورە ھەڵبووەشێننەوە کە دژ بە جووتیارانی ڕەسەنی کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوو.

نەجوە کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پیرۆزبایی لە جووتیارە کوردستانییەکانی ناوچە دابڕاوەکان دەکەین، بڕیاری ئەنجوومەنی قیادە سەورەمان ھەڵوەشاندەوە، کە خۆی نەماوە کەچی بڕیارەکانی لە کەرکووک دژ بە جووتیاران جێبەجێ دەکرا.

ناوبراو دەشڵێت: لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگمان دا بەو یاسایەی ھەموو بڕیارەکانی قیادەی سەورەی ھەڵوەشاندەوە، لە ھەموو ئەو شوێنانەی زەوی جووتیارانی کورد یان تورکمان داگیرکراوە و بەڵگەی ڕەسمی ھەیە، خاوەنداریەتی زەویەکە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێتەوە.

کاکەیی گوتیشی: یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی قیادەی سەورە، سڕکرابوو بۆیە ئێمە ھەموو فراکسیۆنە کوردییەکان کارمان لەسەر کرد و لەم خولە توانیمان ئەمڕۆ یاساکە پەسەند بکەین و ھەموو بڕیارەکانی قیادەی سەورە ھەڵبوەشێنینەوە و کۆتایی بێنین بە زوڵم و داگیرکاری زەوی جووتیارانی کورد.

ھاوکات جەختیش دەکاتەوە: یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی قیادە سەورەی سەردەمی سەددام حوسێن، ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، تەنیا ئەو زەوییانە ناگرێتەوە کە دراوە بە وەزارەتێک و بینای گەورەی لەسەر دروست کراوە، بۆ نموونە، زیندانی مەعەسکەر خالید لە کەرکووک، ئەگەر نا ھەر زەوییەک درابێت بە وەزارەتێکی حکوومەت یان خەڵکی غەیرە کەرکووک خاوەنداری بۆ جووتیارە ڕەسەنەکە دەگەڕێتەوە.

 

عەزیز ڕەسووڵ