خەبات-KDP.info- قایمقامی قەزای خەبات دەڵێت، "پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتوگوزار لەسەر زێی خەبات دروستدەکرێت و ناوچەکە دەبووژێنێتەوە و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
ئێستا ڕێکارەکانی پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییە، هەر تەواوبکرێت دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، خەبات شوێنێکی زۆر گرینگ و ستراتیژیی هەیە و دەتوانین گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆمان ڕابکێشین".
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بڕیارە پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتوگوزار لەسەر زێی خەبات دروست بکرێت، چەندین ساڵە ئێمە خەریکی ئەو پڕۆژەیەین کە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زۆر و بووژانەوەی ناوچەکە زۆر پێویستە، ئێستا ڕێکارەکانی پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە و چاوەڕێ دەکەین ڕێکارەکان تەواو بن و ڕایبگەینین، چونکە ئەو پڕۆژەیە لەڕووی وەبەرھێنانەوە بۆ خەبات زۆر پێویستە و سودێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت".
کوێستان ئەحمەد گوتیشی "پڕۆژەکە زۆر باش و گەورەیە، ھۆتێل، موتێل، شوێنی گەشتیاری، دوکان، بەلەم و کاری زۆر باش و جوان لەخۆ دەگرێت. بودجەیەکی زۆر باشیشی بۆ تەرخان دەکرێت".
قایمقام باسی ئەوەشی کرد "ئەو پڕۆژەیە زۆر گرینگە، چونکە خەبات ڕێگای ھەولێر و مووسڵ و دھۆک بەیەک دەگەیەنێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت، خەڵک لەجیاتی ئەوەی بۆ گەشت بچن بۆ شوێنی دوور دێن بۆ ئەوسروشت و ئاوە جوانەی لە خەبات ھەیە، دەشبێتە دەرفەتێکی باش بۆ ئەوەی ھەلی کاری زۆر بۆ خەڵکی خۆمان بڕەخسێت.
بۆیە بەردەوام لەسەر خەت دەبین تا ڕێکارەکان تەواو بکرێن و بە زووترین کات ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن".
بڵند ئیبراھیم