بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی سەردانی خۆیان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ڕوون کردەوە و دەرکەوت ئەنجامەکانی سەردانەکە ئەرێنی بوون و دەشڵێ، بڕیارە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ گەرەنتی بکرێت.
د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجام دا و ئەنجامی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا باش بوو و تا ڕادەیەکی باش گەیشتوونەتە سازان لەبارەی مووچە و شاندێکی حکوومەتی عێراقیش سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و بابەتی خانەنشینی ماوە تا ئێستا یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی دەستەی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستانە، بۆیە پرسی خانەنشینی و ژمێریاری و بودجە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و یەکلا دەکرێنەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی گفتوگۆکان و ئەنجامی گفتوگۆکانی خۆیان لەگەڵ بەغدا بۆ ئێمە روون کردەوە، کە جگە لە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
سەبری گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی شاندەکەی خۆیەوە دەیەوێت مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەران گەرەنتی بکات لە بودجەدا و ئەویش پێوست بە گۆڕینی ھەندێک لە خشتەکانی بودجە ھەیە و دەنگدانیش بکرێت لەسەر بابەتی ھەمواری یاسای بودجە بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە و پێناسەیەکیش ھەبێت بۆ داھاتی نانەوتی بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، بۆیە بە گشتی ئەنجامی گفتوگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەرێنین بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێککەوتن لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێ، لە کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بڕیار درا تیمێکی ھاوبەش لە ھەردوو وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق و ھەرێم پێک بھێندرێت و لەمڕۆوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی ھەردوو لا بۆ ئەمساڵی پرسە داراییەکان.
بڵند ئیبراھیم