Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحمود ئێزدی: لە پارێزگای نەینەوا پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان زۆر باش بەڕێوەدەچێت

نەینەوا-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا دەڵێت، "ھەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا زۆر باش بەڕێوەدەچێت و ھەوڵ دەدەین ئەم ھەفتەیە کۆتایی بەپرۆسەکە بێت، لە ئاستی ناوچە تاوەکو مەکتەبی ڕێکخستن ئافرەتی تێدا دەبێت و حیساب بۆ پێکھاتەکانیش دەکرێت". 

مەحمود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دەستی پێکرد کە پێشتر لە دھۆک و ھەولێر و سلێمانیش ئەنجام دراوە، ھەوڵمان داوە بێ کەموکوڕتی بەڕێوە بچێت، تا ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوە دەچێت، چونکە لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی نەوزاد ھادی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن و ئەندامەتی بەندە و ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە دەوربەری ھەولێر و بەڕەڤان حەمدی بەرپرسی لقی پارتی لە ئامێدی و نازم ھەرکی بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال و عەلی خەلیل بەرپرسی لقی پارتی لە مووسڵ پێکهاتووە، بەردەوام چاودێری پرۆسەکە دەکەین، لە بنکەکان دەست پێ دەکات تا دەگاتە مەکتەبی ڕێکخستن، بۆیە ھەوڵدەدەین لەم ھەفتەیە تەواو بکرێت". 

مەحمود ئێزدی گوتیشی "لە ناوچە بگرە تا دەگاتە مەکتەبی ڕێکخستن ئافرەت پشکییان ھەیە و ئافرەتی تێدا دەبێت، لە ناوچە ئافرەتێک و لە لقەکان ئافرەتێک و لە مەکتەبی ڕێکخستنیش ئافرەتێک دەبێتە بەرپرسی بەشێک، لە ھەموو ناوچە و لقەکانیش حیسابی تایبەت بۆ پێکھاتەکان دەکرێت، چونکە دەمانەوێت لەو ھەڵبژاردنە ناوخۆیییەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکھاتەکان ڕۆڵی خۆیان ھەبێت". 

ئێزدی ڕوونیشی کردەوە "تا ئێستا ھیچ  گرفتێکمان بۆ دروست نەبووە، بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت و ھیچ گرفتێک دروست نەبێت، ئەمڕۆ لە بنکەکان دەستی پێکرد، دواتر ڕێکخراوەکان، ئینجا ناوچەکان، دواتریش لقەکان، لە کۆتاییش لە مەکتەبی ڕێکخستن ھەڵبژاردن دەکرێت". 

 

بڵند ئیبراھیم