Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێکەوە بن و خۆتان خاوەنی بڕیاری خۆتان بن

زكری مووسا

بەشێكی جەستەی گەلی كوردستان لەناو جیۆگرافیای دەوڵەتی سووریادایە. كورد لەو بەشەدا لەچەشنی پارچەكانی تر لەژێر زوڵم و نەهامەتی و بێبەشكردن ژیاوە. سەرباری بارودۆخی سەخت و نكۆڵیكردنی مافەكانیان و بەكارهاتنی زەبروزەنگ لەلایەن ڕژێمەوە بەڵام ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان لە سووریا لە قۆناغی جۆراوجۆردا كۆڵیان نەداوە و لەخەبات و تێكۆشان بەردەوام بوونە. هەر لە سەرەتای تێكۆشانی ڕۆڵەكانی كورد لە سووریا پەیوەندییەكی توندوتۆڵی ڕێكخراوەیی و ڕۆحی و فكری لەنێوان بزاڤی كورد لە سووریا و بزاڤی كورد لە عێراقدا هەبووە. هەر لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم شۆڕش لەو بەشەی كوردستاندا ئیلهامی لە ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی وەرگرت و لە زۆر وێستگەدا تێكۆشەرانی كوردی سووریا هەماهەنگ و هاریكاری شۆڕشی كورد لە كوردستانی عێراق بوونە. لەوەش بترازێ هەر جۆرە پاشەكشە یان بەهێزبوون و هەڵسانەوەی كورد لە كوردستانی عێراق كاریگەریی لەسەر بزاڤی كورد لە سووریا داناوە و بەپێچەوانەوە گۆڕانكاری و بەهێزبوونی بزاڤی ئازادیخوازانەی كورد لە سووریا كاریگەریی لەسەر كوردستانی عێراق و بەشەكانی تریش داناوە.

لەدوای ڕووداوەكانی پەیوەست بە بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كورد لە سووریا ڕەخسا كە خەباتی خۆی بباتە قۆناغێكی گرنگتر و كاریگەرتر. لەو كاتدا هەرێمی كوردستانی عێراق و خودی سەرۆك بارزانی فاكتەرێكی بەهێزی كۆكردنەوەی هێزە كوردییەكانی سووریا بوون. لەدوای ئەو گۆڕانكارییانە بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین كەس هێندەی سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ گەلی كورد لە سووریا نەداوە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەكانەوە بگرە هەتا پێدانی یارمەتیی ڕاستەوخۆی ماددی و پێدانی چەك لە سەرەتاكانی شەڕی داعش و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی و كۆكردنەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان.  لە هەردوو ڕێككەوتنی هەولێر و ڕێككەوتنی دهۆك كە بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی لەنێوان لایەنە كوردییەكان بەسترا، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی هەردوو لایەنی ئەنەكەسە و تەڤدەمی كرد كە لە هەموو دۆخێكدا پێویستە پێكەوە بن، لەشەڕ و بەرگری و ڕێككەوتن لەگەڵ هەر لایەنێكی دەرەكی  یان سووریدا پێویستە پێكەوە بن. چونكە هێزی ئێوە لە پێكەوەبووندایە. لە شەڕی داعشدا لە دۆخی زۆر خەراپدا چەندین جار سەرۆك بارزانی بڕیاری پێدانی چەك و پشتیوانیكردنی شەڕڤانانی داوە لە ناوچە سنوورییەكان.

لە مانگی ئۆكتۆبەری 2014 سەرۆك بارزانی بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا و پاراستنی لە هەڕەشەی تیرۆریستان گوشاری لەسەر هاوپەیمانان و ئەمەریكییەكان چڕ كردەوە و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆن كێری وەزیری دەروەی ئەمەریكا داوای كرد كە هێزە هاوپەیمانەكان پشتیوانی ئاسمانی بدەنە كورد لە ڕۆژئاوا و هەروەها قەناعەت بە توركیا بێنێت كە هێزی پێشمەرگە ڕەوانەی كۆبانێ بكرێت. لەبەر پێداگریی سەرۆك بارزانی ئەمەریكا ئەو داوایەی پەسەند كرد و دوابەدوای ئەوەش هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ یارمەتیدانی كۆبانێ ڕەوانە كرا و دواجاریش كۆبانێ لەدەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرا.

سەرۆك بارزانی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو و لە كاتی شەڕی تیرۆریستانی داعش جگە لەوەی لە ناوەندە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكاندا هەوڵێكی زۆری دا كە لایەنە كوردییەكان بەشداری كۆنفرانس و كۆبوونەوە گرنگە دەولییەكان ببن لە هەمانكاتیشدا بەردەوام لە دیدار و كۆبوونەوە و پەیام و نامەكانیدا بە لایەنە كوردییەكانی گوتووە یەك بگرن و پەرتەوازە نەبن. هەمیشە دۆخە سەختەكانی بۆ ئەوان شی كردووەتەوە و پێی گوتون لەگەڵ هەر وڵاتێك یان لایەنێك ڕێكدەكەون، پێكەوە بن. ئەگەر پێكەوە بن و ڕێگە نەدەن خەڵكی تر دەستێوەردانی نابەجێ لە كاروبارتان بكات، ئەوە هەموو لایەك حسابتان بۆ دەكەن و گوێ لە داواكارییەكانتان دەگرن. سەرۆك بارزانی بەردەوام بۆ ئەوان جەختی لەوە كردووەتەوە، كورد لە سووریا خاوەن دۆزێكی ڕەوای نەتەوەییە و دەبێ ڕەچاوی مافی كورد بكرێت. سەرۆك بارزانی پێی گوتون ئەگەر یەكڕیز بن ئەوا وەك نەتەوەیەكی خاوەن ماف سەیر دەكرێن و داواكانتان دەچەسپێن.

ئێستا كە ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە دەرفەتێكی نوێ بۆ كورد لە سووریا هاتۆتە ئارا كە دۆزەكەی چەند هەنگاوێك بچێتە پێش. پێویستە لایەنە كوردییەكان سوود لە ئەزموونەكان وەرگرن و هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە. سەردانی نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژئاوا و هەروەها هاتنی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ لای سەرۆك بارزانی دەرگەیەكە بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگی كاری هاوبەشی لایەنە كوردییەكانی سووریا. لەم قۆناغە تازەیەشدا ئامۆژگاریی سەرۆك بارزانی بۆ لایەنە كوردییەكانی سووریا ئەوەیە كە پێكەوە بن، ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێك دەست لە كاروبارتان وەربدات. پێكەوە بن و خۆتان خاوەنی بڕیاری خۆتان بن بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد بچەسپێت و ڕێگە لەوە بگیرێت كارەسات و نەهامەتییەكان لەدژی كورد دووبارە ببنەوە.