Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی سیاسیی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی (كوردستان تیڤی) كرد

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(26)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی (كوردستان تیڤی) كرد.

دەقی پەیامە پیرۆزباییەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بەڕێزان/ سەرپەرشتیاری گشتیی و هەڤاڵانی بۆردی بەڕێوەبردن و کادیر و میدیاکارانی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی.

ئەمڕۆ یادی (26)مین ساڵەی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی کوردستانە، ئەو کەناڵەی بە بڕیار و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆک بارزانی)دامەزرا، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و بینەرانی کەناڵەکەتان دەکەین، هیوادارین بۆ لەمەودواش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری خۆتان ببینن و وەک هەمیشە ببێتە بڵندگۆیەکی ڕاستەقینەی بەرجەستەکردنی ئامانجەکانمان بن. 

ئەو کەناڵە، وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانی توانیویەتی بە پێی سیستمێکی ڕێکوپێک و سەردەمییانە بەرنامەی ڕۆژانەی دابڕێژێ و پەیڕەوی بنەما و ئیتیکە گونجاوەکانی ڕۆژنامەوانی بکات و  ڕۆژانە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە پەیامی راستەقینەی میدیایی بگەیەنێت.

لەو ڕۆژگارەدا ئەرکی ئێوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و بایەخدارتر دەبێ لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵ و ڕووداوەکان بۆیە دڵنیاین هەردەم بە شێوەیەکی پیشەوەرانە و بابەتیانە خزمەت بە پەیامی راست و ڕوونی کەناڵەکەتان و ڕاگەیاندن دەکەن.

كوردستان تیڤی لە ماوەی تەمەنی كار و چالاكییەكانیدا هەمیشە خاوەن سەنگ و پەیامی ڕاستگۆیانەی سیاسی و میدیایی جیاواز بووە، بەمەش مسداقیەتی خۆی پاراستووە و بەرجەستەكارێكی ڕاستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بووە.

بێگومان ئەمڕۆش جێدەستی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان لە بواری راگەیاندن و رۆژنامەوانیدا دیارە و وەک کەناڵێکی پێشەنگ بەردەوام بووە و ناسنامەی میدیایی خۆی پاراستووە، ئەمەش بۆ هەوڵ و کۆششی نەسرەوتووی ئێوە دەگەڕێتەوە.

لەم دەرفەتەدا دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێوە دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی ڕێکوپێک بەرەو پێشبچن و خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگی ڕەسەن و هەمەڕەنگی کوردستان بکەن. 

هەر لە پێشکەوتن و سەرکەوتن دابن.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥