Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عوسمان بایدەمیر: ئەمە خواستی ملیۆنان کوردستانی بوو

ھەولێر-KDP.info- دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەنگدانەوەی مه‌زنی هەبوو، ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی باکووری کوردستان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن و ئەم هەنگاوە بە بەدیهێنانی خواستی گەلی کورد ناو دەبەن.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان لە سووریای نوێ دا.

عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ئێکس، نووسیویەتی، "ماڵتان ئاوابێت، ئەمە خواستی ملیۆنان کوردستانی بوو، هیوادارین بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە".

لە دیدارەكەی دوێنێی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی، بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

جەخت لەوەش کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.