Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هه‌ڵبژاردنی ئۆرگانه‌كانی پارتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت"

نه‌ینه‌وا-KDP.info- به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ نه‌ینه‌وا دەڵێت، بڕیاره‌ ڕۆژی 19ی مانگ هه‌ڵبژاردنی ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌ سنووری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم به‌ڕێوه‌ بچێت، ئاماده‌كاریه‌كانیش ته‌واوبوونه‌. 

مه‌ناف حه‌سه‌ن، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ مووسڵ، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی له‌ نه‌ینه‌وا ته‌واوبووه‌ و بڕیاره‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی به‌ڕێوه‌بچن، لیژنه‌ سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌ش پێكهاتوون، ڕۆژی شه‌ممه‌ لیژنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئۆرگانه‌كانی حزب دەست بە کارەکانیان دەکەن. 

به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ مووسڵ گوتیشی: "چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام دراون و ڕێنمایی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ لە هەموو سنوورەکان به‌ هه‌ڤاڵانی حزب دراون تا هه‌ڵبژاردن بۆ ئۆرگانه‌كانی حزب بكرێت، ڕێنماییه‌كانیش هه‌روه‌ك لقه‌كانی دیكه‌ی ناو هه‌رێمی كوردستانن. 

مه‌ناف حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: به‌پێی بڕیاری حزب مەرجە له‌و سنوورانه‌ی پێكهاته‌كان هەنه‌ كه‌سێك له‌و پێكهاته‌یه‌ی سنووره‌كه‌ ببێته‌ ئه‌ندامی ئۆرگانی پارتی، چونكه‌ لە نوێكردنه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی حزب تایبه‌تمه‌ندی هه‌موو پێكهاته‌یه‌ك لەبه‌رچاو گیراوه‌، بۆیە بۆ هه‌موو لیژنه‌ ناوچه‌كانی سنووری نه‌ینه‌وا ئه‌گه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له‌ سنووره‌کەی هه‌بێت، پێویسته‌ ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ له‌و پێكهاته‌یه‌ بێت. 

قائید میرۆ