Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئومێد خۆشناو: لە سبەیەوە چاوپۆشی لە کەس ناکرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوھەوا، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە کێشەی پیسبوونی کەش و ھەوا و چارەسەرییەکان و پاراستنی ژینگە لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ھەولێر وێڕای تەئکیدکردنەوە لە بڕیارەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی ژینگەپارێزی، سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپارد ئەوەی پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بیکەین و ژینگەی ھەولێر پاک بکرێتەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، جەختی لەوەکردەوە لە بەیانییەوە ھەموو ڕێکارەک بگیرێتەبەر بەرامبەر ھەموو ئەوانەی کە ژینگە پیس دەکەن، ھەر لە داخستن تاکو دەستگیرکردن، ھەر شوێنێک ببێتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و بۆ ئەو پرسەش چاوپۆشی لە کەس نەکرێت.

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکان، لە بارەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و پاراستنی ژینگەی شاری ھەولێر، ئاشکرای کرد دوو ساڵ بەر لە ئێستا باس لە بوونی نزیکەی ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو پاڵاوگە نایاساییانە سزادراون و ھەندێکیان کاریان وەستاوە.

ڕاشیگەیاند: "لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەبوون، کە پێیان دەگوترێت پاڵاوگەکانی بەشی دووەم، لە بەردەوامی ھەوڵەکانمان، زۆرینەیان ئەو پاڵاوگەیانە داخراون بەتایبەت ئەوانەی بوونەتە ھۆکاری پیسکردنی ژینگەی شارەکەمان، تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠ پاڵاوگەی نایاسایی داخراون کە تەواو کاریگەرییان لەسەر پیسکردنی ژینگەی ھەولێر ھەبوو، ھیچ یەک لەو پاڵاوگانە ئێستا نەماون، ئەو پاڵاوگەیانەی ئێستاش ماون بەپێی مەرجی ژینگەیی کار دەکەن".

ئومێد خۆشناو گوتیشی، ھەموو ڕێکارێک بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، لە داخستن و دەستگیرکردن، خەڵکێکی زۆریش لەسەر پیسکردنی ژینگە دەستگیر کراون، ھەر شوێنێکیش ببێتە ھۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەگەڵ ناکرێت.

پارێزگاری ھەولێر ھەروەھا ڕایگەیاند: "ڕۆژانە لێپرسینەوەش لەگەڵ مۆلیدە ئەھلیەکان دەکرێت و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ دەکرێت، ھەموو مۆلیدەکانیش دەبێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن لە دەنگ و پیسکردنی ژینگە بەر لەوەی دووچاری لێپرسینەوە بن، پۆلیسی ھاتووچۆی ھەولێریش دەستی کردووە بە ھەڵمەتێکی فراوان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دووکەڵ دەکەن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن، ھەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و ھەر ئۆتۆمبێلێک ژینگە پیس بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت ".

سەبارەت بە وێستگەی ھەڵمی خەباتیش، خۆشناو ڕایگەیاند، داوامان لە  ھەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، لەو وێستگەیەدا مەرجەکانی ژینگەپارێزی جێبەجێ بکرێت، لەو نزیکانە ئەویش چارەسەر دەکرێت.