Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان: دەبێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ شەممە، 11-01-2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی، ڕایگەیاند "ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە (پەیوەندیی هەولێر و بەغدا) ڕاست بکەینەوە، دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین." باسی لەوەش کرد "دادگای فیدراڵی، تەنیا لە بەرژوەندیی حکوومەتی فیدراڵی، بڕیاری دەرکردووە و هەرگیز بڕیارێکی دەرنەکردووە کە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی تێدا بێت."  

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو، "دەبێت ئێمە لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین لەو قەلقە نەفسییە دەربچێت. خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە تەعامولی لەگەڵ بکرێت. خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکو هەموو خەڵکی دیکەی عێراق."

مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و داوا دەکەین چ لە ئاستی ئیداری، چ لە ئاستی تەشغیلی بە هەموو جۆرێک، هەموومان، هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاست بکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لە بەینی هەولێر و بەغدا دروست ببێت." 

وەکوو ئەوەی سەرۆکی حكوومه‌ت باسی کرد، "ئەو تەعامولەی ئێستای بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تەعامولی کیانێکی فیدراڵی نییە. لەگەڵ پارێزگایەکیش بەم شێوەیە تەعامول ناکات."