باکووری کوردستان-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پێشووی AKP و سەرکردەی دیاری ئەو حزبە ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە قۆناغێکی گرنگی مێژووییدان و دەشڵێ، پەیوەندییەکان ڕەهەندێکی قووڵیان هەیە.
عەبدولڕەحمان کورتە، پەرلەمانتاری پێشووی ئەکەپە و سەرکردەی دیاری ئەو حزبە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، رەهەندێکی مێژوویی قووڵیان هەیە، کە بەرژەوەندیی هەردوولا لەخۆ دەگرێت.
کورتە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی دوای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی هاتنە پێشەوە، ئەمڕۆ دەرفەتی زێڕین هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێز و متمانەی دووقۆڵی.
عەبدولڕەحمان کورتە، سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا، وەکو "هەنگاوێکی گرنگی" ناو برد، کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئەم ڕوانگە ستراتیژییە. هەروەها جەختی کردەوە، کە هاوکاریی هەرێمی لەسەر بنەمای ڕێزی دووقۆڵی، دەبێتە هۆی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا و کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە تورکیاش دەبێت.
عەبدولڕەحمان کورتە، پەرلەمانتاری پێشووی ئەکەپە دەشڵێ، "کوردەکانی سووریا و تورکیاش سوودمەند دەبن لە رۆڵی چالاک و بنیاتنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا.
کاروان باعەدری