Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابان: کۆمەڵێک پرس لە ئەجێندای سەردانەکەی مەسروور بارزانی دا بوون

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لوتکەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا ھەبوو، مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، گۆڕانکارییەکان خێران و لای تورکیا ھەرێمی کوردستان گرنگە و مەبەستیەتی پەیوەندییەکان لە پرسی ئابووری، سیاسی، ئاسایش، ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لە تورکیا، زیاتر پەرە پێبدەن.

ئاشنا بابان، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی بۆ تورکیا، گرنگیی خۆی ھەیە لەم تەوقیتەدا، ئێمە دراوسێی تورکیاین و ئەو وڵاتە کاریگەری ھەیە لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە، پرسی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوور بابەتێکی گەرمی ڕووداوەکانە، بۆیە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان، زۆر گرنگە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تورکیا خۆی گرنگیی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەت لە پرسی سیاسی و ئابووری و ئاسایش، سەرۆکوەزیرانیش کۆمەڵێک پرس لە ئەجێندای سەردانەکەیدا بوون".

ناوبراو ھەروەھا دەڵێ: "یەکڕیزی بۆ ئێمەی کورد گرنگە و دەتوانین سەرکەوتوو بین، بە تایبەت لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، کە دەکرێ کاری لەسەر بکەین و بێگومان دەرئەنجامی باشیشی دەبێت بۆمان، ئەویش بە پلان و سیاسەت دەکرێت، دەمانەوێت پەیوەندی دروست بکەین و ئێستاش کاتی ئاڵتوونییە نابێت لە دەستی بدەین، بێگومان یەکگرتوویی ناوخۆش، ھێزمان پێدەدات لە دەرەوە".

"لە سەردانی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ دیمەشق، جەختیان لە پێدانی ماف و ئاسایش بۆ کورد کردەوە، لەو ڕوانگەیەشەوە تورکیا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد چاک بکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگای ھەرێمی کوردستانەوە، چونکە ھەرێمی کوردستان ھاوسەنگیی ھێزی ھەیە لە ناوچەکەدا، بۆیە تورکیا ھەرێمی کوردستانی لا مەبەستە". ئاشنا بابان وای گوت.

 

عەزیز ڕەسووڵ