Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داوود ئۆغڵو: سەردانی مەسروور بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا بوو

ئەنقەرە-KDP.info- سەرۆکی پارتی ئایندە ڕایگەیاند، سەردانی مەسروور بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکی گونجاودا بوو، گوتیشی، دەبێت دیالۆگمان لەگەڵ برا کوردەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت.

ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لەبارەی سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، "سەردانی مەسروور بارزانی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتێکی زۆر گونجاودا بوو." 

ئاماژەی بەوەش داوە، "لە بەرامبەر هێزە داگیرکەرەکان کە دەیانەوێت ناوچەکە بخەنە ناو کێشە و ئاژاوە، دەبێت دیالۆگمان لەگەڵ برا کوردەکان لە عێراق و سووریا بەردەوام بێت."

ئەحمەد داوود ئۆغڵو، گوتیشی، "نابێت  گەلانی دۆست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی جیهان، هەروەها دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە پاڵپشتی و هەماهەنگیی لەگەڵ یەکتردا دەبێت.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 07-01-2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەردانی ئەنقەرەی کرد.

لە کۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.

هەروەها مه‌سروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، له‌ پلاتفۆرمی (ئێكس) ڕایگەیاند، "لەگەڵ به‌ڕێز، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریامان تاوتوێ کرد."

سه‌رۆك وەزیران ده‌شڵێت، "جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد."