Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە ڕێگەی KDPیەوە دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەڵێ، لە دوای ئاڵۆزیەکانی سووریا گەشتی نێوان فڕۆکەخانەی ھەولێر و دیمەشق ڕاگیراون و ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوەی دووبارە دەستپێبکاتەوە، چونکە بۆ ئەوەی دەستپێبکرێتەوە پێویستە بەفەرمیی ئاگادار بکرێینەوە.

ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەو بارودۆخەی لە سووریا دروست بووە گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ھەولێر و دیمەشق ڕاگیراون و تاوەکو ئێستاش دەستپێنەکراونەتەوە و ھیچ وادەیەکیش نیە بۆ ئەوەی دەست بەگەشتەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سووریا بکرێتەوە، بۆیە ئەو دەنگۆیەی بڵاوکراوەتەوە ھیچ لە ئارادا نیە و ھیچ باسێک نیە بۆ دەستپێکردنەوەی.

ئەحمەد ھۆشیار ڕاشیگەیاند: "بۆ ئەوەی گەشتەکانی ئاسمانی نێوان ھەولێر و دیمەشق دەستپێبکرێنەوە پێویستە بەفەرمیی ئاگادار بکرێینەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچمان بۆ نەھاتووە بۆ ئەوەی گەشتەکان دەستپێبکرێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای ئاڵۆزیەکانی وڵاتی سووریا گەشتەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سووریا ڕاگیران و لەچەند میدیایەک دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە بڕیارە لە١٠ی ئەم مانگە گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان ھەولێر و دیمەشق دەستپێبکەنەوە، بەڵام بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ڕەتیدەکاتەوە ھیچ وادەیەک دیاری کرابێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.

بڵند ئیبراھیم