Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پێشووی داد بۆ KDP: پێویستە لەمەودوا عێراق بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری دادگای کەرخی بەغدا لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو، کە وا دەکات عێراق مامەڵە لەگەڵ گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمپانیای دیکەش بێنە ھەرێمی کوردستان و لە کەرتی نەوتدا کار بکەن.

شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەتی نەوتی عێراق سکاڵای لەسەر گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان تۆمار کردبوو و سکاڵاکە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان یەکلا بووەوە و دادگا دوای گفتوگۆکردن، سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقی ڕەت کردەوە، چونکە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموویان یاسایین و ھیچ کێشەیەکیان نییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن.

حەیدەری گوتیشی: کێشەکە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بوو، کە ئێستا ئەو سکاڵایە لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی نەوتی ھەرێمی کوردستان یەکلا بووەوە و لەمەودوا پێویستە عێراق بڕیاری دادگا جێبەجێ بکات و ھەر کێشەیەک ھەبێت، ئیدی ناکرێت چارەسەر نەکرێت و پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق مامەڵە لەگەڵ گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بواری نەوت بکات، بۆیە بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕەت کردووەتەوە.

وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێ: "ئەو بڕیارەی دادگا، دەبێتە ھەنگاوێکی باش بۆ پاڵپشتیکردن لە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھانی کۆمپانیاکان دەدات بێن لە ھەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا کار بکەن، لەبەر ئەوەی ھەموو گومانەکانی دژی گرێبەستە نەوتییەکان رەواندەوە، بۆیە دادگا بڕیاری خۆی دا و ئەو کێشەیەی چارەسەر کرد.

 

بڵند ئیبراھیم