Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابەکر زێباری بۆ KDP: ھێشتا داعش مەترسییە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی، داعش ئێستاش مەترسییە بۆ سەر عێراق و کۆتایی پێنەھاتووە و ھەرماوە، بۆیە پێویستە عێراق خۆی ئامادەبکات و لە ئامادەباشیدابێت و ھەماھەنگی باشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان ھەبێت، چونکە ناکۆکی سیاسی وا دەکات داعش لە کارەکانی بەردەوام بێت.

ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی  دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ڕووداوەکانی سووریا باس لە سەرھەڵدانەوەی داعش دەکرێت و زیاتریش بابەتەکە گەورە کراوە و داعش لە ئێستادا شوێنێکی جێگیری بۆ حەوانەوە نیە، بەڵام دوای تێکشکاندنی داعش بەتەواوی لەناو نەچوون و ماون و تەواویش نابن و کردەوەکانیشیان بەردەوام دەبن و ھێشتا داعش بۆ سەر عێراق مەترسییە، بۆیە پێویستە عێراق مەترسیەکان لەبەر چاو بگرێت و ھەمیشە جێگەی مەترسین و داعشێک بە تەنیا دەتوانێت کردەوەی گەورە ئەنجامبدات، ھەر چەندە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان زۆر تۆکمە و پارێزراون و ئامادەکاری باشیش کراوە.

زێباری گوتیشی: "دۆخی سووریا بڕواناکەم لە ئێستادا کاریگەری لەسەر عێراق ھەبێت بەھۆی ئەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد خۆی جێگەی مەترسی بوو و ئەوانەی ئێستا ھاتوون بۆ ئەوەی ئارامی و پەیوەندی دروست بکەن و نایانەوێت زیان لە ھیچ وڵاتێک بدەن، بەڵام پێویستە عێراق خۆی بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات و ھەماھەنگیان لەگەڵ ھەرێم ھەبێت، ئێستاش ھەماھەنگی باش ھەیە و ھاوپەیمانانیش ھاوکاری باش دەکەن و ئۆپراسیۆنی بەردەوام ھەفتەی جارێک ئەنجام دەدەن و ئەوەی ئێستا تەنیا لە ئۆپراسیۆنەکان پاشماوەی داعش دەبینن و داعشەکان نابینن.

بابەکر زێباری باسی لەوەشکرد: "مانەوەی داعش پەیوەستە بە حەواندنەوەیان و تاوەکو خەڵکێک ھەبێت داعشەکان بحەوێنێتەوە ھەر دەمێنن، چونکە ناکۆکی سیاسی کاریگەری ھەیە و تاوەکو ناکۆکی ھەبێت داعشیش ھەردەمێنن، لەبەر ئەوەی ئەو ناکۆکیانە وا دەکەن داعش بحەوێننەوە و مەترسیان بەردەوام بێت بۆ سەر عێراق.

بڵند ئیبراھیم