ھەولێر-KDP.info- بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاری دا، کە دوو ناوچەی سەرکردایەتی بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنێت و ھەوڵەکانیشی بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە چڕ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٤، وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی عەبدولخاڵق باپیر، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق ڕوکن - عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، لیوا ڕوکن - بەختیار محەممەد و ئەمینداریی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی ھێزی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان و تیمی یاوەریشی ئامادەیبوون.
ئاماژەی بەوەش داوە، کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن و بڕیاردان بوو لەبارەی پڕۆژەیەکی ئامادەکراو بۆ دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی کە لە ١١ فیرقەی سەربازی پێکھاتوون لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکاردەبن.
لەسەر ئەو بابەتە، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاندووە: "دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێنین بۆ ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا کاروبارەکانیان ڕێکدەخەنەوە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان".
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، تەوەرێکی دیکە خراوەتە بەرباس و بە گرنگییەوە باس لە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، ھەمووان ھاوڕابوون کە ئەم ژێرخانە پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت لە بنیاتنانی ھێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووی کوردستانی، کە پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکات لە ھەر مەترسییەک کە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەروومان دەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار دراوە، بە دەستەکاربوونی ھەردوو ناوچەی سەرکردایەتی کە ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا ڕێکدەخرێتەوە، لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیر دەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بە کۆی دەنگی ھەمووان ڕەزامەندی درا لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاریی سەربازی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.