Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا

هەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2024/12/22 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ به‌ڕێز گویدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك و باڵیۆزى ئیتاڵیا له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌ردوولا ئاماده‌ى بوون، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌شى سه‌ربازى و ئه‌منیى ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پشتگیرى و ڕۆڵى هێزه‌كانى ئیتاڵیا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیرى و هاوكاریى ئیتاڵیا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى داعشدا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌یى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ هاریكاریى هاوبه‌ش و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌ربڕى.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زیرى به‌رگریى ئیتاڵیا جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى وه‌ك هاوبه‌شێكى گرنگ، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ڕوانێت، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌ پشتگیرى و هاوكاریییه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد و ڕۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌زر نرخاند.

هه‌ردوولا باسیان له‌ جموجووڵ و هه‌وڵه‌كانى خۆڕێكخستنه‌وه‌ى داعش كرد و هاواڕا بوون كه‌ هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریى عێراق و سووریا و ناوچه‌كه‌ ده‌كات، بۆیه‌ به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێویست زانى، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیى تێوه‌نه‌گلانى عێراق له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌، كرده‌وه‌.

دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تى گۆڕانكارییه‌كانى سووریا و كاریگه‌رییه‌كانى له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.