هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆشداری لەبارەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەدات و وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت، لە کاتی بوونی هەر تاوانێکدا، هاووڵاتیان دەتوانن بە زووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی پۆلیسەوە بکەن.
نەقیب (کارزان ساڵح مشیر)، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: لە پێناو کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، کە هەرگیز نەکەونە ژێر کاریگەریی هەڕەشەی تاوانکارانی ئەلیکترۆنی و لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەنا بۆ هیچ ڕێگاچارەیەکی دیکە نەبەن، بەڵکو لەبری ئەوە، بە زووترین کات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بکەن.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتیشی: پێویستە هاووڵاتیان دڵنیا ببنەوە لە سەرچاوەی ڕاستیی ئەو نامانەی کە لەبارەی (ناردنی باڵانس، دەرچوونی خەڵات، پاسوۆردی کارتە بانکییە ئەلیکترۆنییەکان) پێیان دەگات.
نەقیب کارزان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: ئەو (کۆدە)ی بۆ هێڵی پەیوەندی و مۆبایلی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە لە ڕێگەی کورتەنامەوە، پێویستە بیپارێزن و بۆ کەسیان نەنێرنەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر دڵنیاییش دەدات: پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان شەو و ڕۆژ لە ئەرکدان بۆ پاراستنی سەر و سامان و ژیانی هاووڵاتیان و داواش لە هاووڵاتیان دەکەین، لە کاتی بوونی حاڵەتی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، یاخود هەر هەڕەشەیەکی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە تایبەتەکانیان و هەوڵدان بۆ بردنی پاسوۆردی کارتە بانکی و ئەلیکترۆنییەکانیان، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بکەن:
07508088080
ئومێد بابان