Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەشتوگوزار بۆ KDP: حکوومەتی ھەرێم ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای زۆر ئاسان کردووە

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەڵێ، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، سەردەمی زێڕینی گەشتوگوزاری ھەرێم بووە و ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی لە کەرتی گەشتوگوزاردا کردووە.

ئیبراھیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، سەبارەت بە ڕەوشی پەرەسەندن و پێشکەوتنی کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان و بەرنامە و پڕۆژە و پلانەکانیان بۆ سەری ساڵی نوێ و پێشوازیکردن لە گەشتیاران و پێکھێنانی لیژنەی تایبەتمەندی ئەو بوارە، تایبەت‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: کەرتی گەشتوگوزار لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا سەردەمی زێڕینی خۆی بینیوە و ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی تێدا کراوە، ‌کە ‌ ٤٢%ی سەرجەم پڕۆژەکان و ژێرخانی کەرتی گەشتوگوزاری لە ڕێگەی پرۆژە ستراتیژییەکانەوە خستە سەر پێی خۆی و ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی سەردانی گەشتیاران بۆ کوردستان بەرز بووەتەوە.

باس لەوەش دەکات: لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، زۆر گرنگ بوو کە بۆ یەکەمجار یاسای گەشتوگوزار پەسەند کرا، کە لەگەڵ یاساکەدا چەندین ڕێنمایی تایبەت بە چالاکییەکانی گەشتوگوزاریش پەسەند کراون و کاریان پێکراوە، کە زۆر کاریگەر بوون لە ڕووی یاسایی و کارگێڕیی و پلانمەندییەوە.

ناوبراو ھەروەھا باسی سیاسەت و ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد لە ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی، کە ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، کە لە ئێستادا ۲٥%ی گەشتیارانی کوردستان لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە کوردستان و حکوومەتی ھەرێم ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای بە گەشتیارانی نێودەوڵەتی زۆر ئاسان کردووە.

سەبارەت بە پشووەکانی سەری ساڵی زایینی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی: بەپێی ئەو ئەزموونەی ھەمانە،‌ ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵ پێشبینی دەکەین ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا ئێمە ھەماھەنگیمان لەگەڵ مۆڵ و ھۆتێل و چێشتخانەکان و بنکە گەشتیارییەکان کردووە، کە ڕاسپێردراون‌ لە ئامادەباشیدا بن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، کە زۆرێک لە بنکە گەشتیارییەکان ئاھەنگی تایبەتییان دەبێ بە بۆنەی سەری ساڵ و ئێمە چەندین لیژنەمان دەبێت بۆ سەردانی ئەو بنکە گەشتیارییانە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە گەشتیاران لە ڕووی نرخەوە ناقۆزرێنەوە و کوالێتی خزمەتگوزارییەکانیان لە ئاستێکدا بێت، کە گەشتیار لێی ڕازی بێت.

 

سەلاح جەلال