Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێباز حەملان: بەرەو ئەوە دەڕۆین کێشە هونەرییەکان کۆتاییان پێ بێت

به‌غدا-KDP.info- بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕایگەیاند لە 10 ڕۆژدا هەموو ئەو ڕێكارانەی وەزارەتی دارایی عێراق داوای كرد تەدقیق كران و ڕێك خرانەوە، سبەی شاندێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەدواداچوونی کارەکان دەگەنە بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە، ڕێباز حەملان، بریكاری وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە 2024/12/15، وەزیری دارایی فیدراڵ بڕیاری دا تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ سەردانی هەولێر بکەن و لە ماوەی 10 رۆژدا بە هاوبەشی  کاری پێکەوەیی بکەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.

حەملان گوتیشی: "تەواوی ئەو ڕێکارانەی بۆ رێکخستنەوەی میزان مراجەعەی مانگانەی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە تا مانگی 11ی ئەمساڵ مانگ بە مانگ تەدقیق کرایەوە و ڕێک خرایەوە بەوشێوەیەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای کردبوو لەسەر لیستی مووچە و خەرجیی تەشغیلی و ئەو بڕە پارانەی کە لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە و ئەو پارانەی لە هەرێمی كوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج کراوە بە تایبەت بۆ پڕکردنەوەی مووچەی مانگانە هەمووی دیاری کراوە، بە دەستخۆشیی زۆرەوە بۆ هەردوو تیمەکە (تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان) پاش ماندووبونێکی زۆر کە شەو و ڕۆژ کاریان کرد ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانیان دەهێنن.

بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، گوتیشی: "بڕیارە سبەی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و تیمی تەکنیکیی وەزارەت بێنە بەغدا بۆ بەدواداچوونی کارەکان، بە هەوڵی هەمووان بەرەو ئەوە دەڕۆین کێشە هونەرییەکان کۆتاییان پێ بێت.