مووسڵ-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا دەڵێ، دوای کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، ئێستا ئەو مەکتەبە بووەتە دەنگ و ڕەنگی ھەموو پێکھاتەکان و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر ڕوومان تێدەکات دهشڵێ، مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی ڕۆڵێکی باڵای ھەبووە لە خزمەتکردنی خەڵکی مووسڵ.
مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەستبەکار بووە، وەکو تیمێک لەگەڵ نەوزاد ھادی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن کار دەکەین، کردنەوەی ئەو مەکتەبەش کاردانەوەیەکی گەورەی ھەبوو، پێشتریش لقی ١٤ ھەبوو، دوای ھاتنی داعش بۆ مووسڵ و مانەوەی سێ ساڵ، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان خەڵک دروست بوو و بارەگاکان نەمان و ژیانی خەڵک ناخۆش بوو.
مەحموود ئێزدی دەشڵێت: دوای نەمانی داعش، ئێمە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی گەڕاینەوە مووسڵ، کردنەوەی ئەو بارەگایە زۆر گرینگ بوو، خەڵک بە ھەموو پێکھاتە و ئایینەکانەوە ڕوو لە ئێمە دەکەن و داواکاری و گلەیی و کێشەکانیان بە ئێمە دەگەیەنن، چونکە پارتی بە نوێنەری خۆیان دەزانن و ئێمەش خۆمان لە ھەموو داواکاری و کێشەکانی خەڵک دەکەینە خاوەن، زۆربەی ئەو کێشانەی ھاتوونەتە لای ئێمە چارە کراون، جا چ پەیوەندی بە حزبەوە هەبێت چ بە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ یاخود بەغدا، لە ڕێگەی پەرلەمانتاران و لە ڕێگەی حکوومەتی ھەرێمیشەوە بە ھەمان شێوە.
ئێزدی باس لەوەش دەکات: مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕۆڵێکی باڵای ھەبووە لە خزمەتکردنی خەڵکی مووسڵ و گەڕانەوەی ئاوارەکان، کە بەھۆی داعشەوە ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، جگە لەوە ھەر کێشەیەک و داواکارییەک ھەبێت چارە کراوە، بۆیە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی ڕۆڵێکی باڵای ھەبووە و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان.
بڵند ئیبراھیم