Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری ھەولێر بۆ KDP: ھەموو ڕێوشوێنێک دەگرینەبەر

ھەولێر-KDP.info- بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی زایینی لە شاری ھەولێر ئامادەکاری دەکرێت و پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ دەگرینەبەر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵانە بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ چەندین چالاکی لە سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەدەچن، بەتایبەتی لە سەنتەری شاری ھەولێر کە پایتەختی ھەرێمی کوردستانە، خەڵکێکی زۆر پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن، ھاوکات ئێمە ساڵانە لە ڕێگەی لیژنەیەک ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێ دەکەین، بۆ ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.

پارێزگاری ھەولێر جەختیش دەکاتەوە: "وەک ئیدارەی ھەولێر تا ئێستا ھیچ پلانێک نییە خۆمان چالاکی بەو بۆنەیەوە ئەنجام بدەین، بەڵام وەک وڵاتانی جیھان کەرتی تایبەت چالاکی ھەیە، ئێمە لە ڕووی ئەمنی و کارگێڕییەوە ئامادەکاری دەکەین، بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانیش دەزگا ئەمنیەکان لە ئەرکدا دەبن.

خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێشبینی دەکرێت بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێ ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار ڕوو لە ھەولێر بکەن، ھەم لە بازگەکان ئاسانکارییان بۆ دەکرێت ھەم کاتی گەیشتنیان پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕێگەی گەشتوگوزاری ھەولێر و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری بۆ ھاتنی گەشتیاران دەکرێت. 

 

قائید میرۆ