Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سندی بۆ KDP: فەریق شوان پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراقی وەرگرت

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ھەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستە سەربازییەکانی کورد لە بەغدا بەردەوامن و لە ئێستادا پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق، کە پشکی کوردە، وەرگیراوەتەوە و کوردێک کراوەتە ئەمیندار.

سەگڤان سندی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای تەواوبوونی ھەموو ڕێکارەکانی دەستبەکاربوونی ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەو شوێنانەی بۆشایین لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە مەخموورەوە تا کەرکووک و خانەقین، لە ئێستادا دەستبەکار بوونە و کاری خۆیان دەکەن، چونکە ھەیکەلی ھەردوو لیوا دروست کرابوو و مەشق و راھێنانیشیان کردووە و دواتریش لەو ناوچانە دەستبەکار بوونە و ئێستا ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن، کە کاریگەریی باشی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەبێت و ھۆکاری دواکەوتنیشی ئەوەیە، دروستکردنی لیوا کاری زۆری پێویستە.

سندی گوتیشی: بوونی ئەو دوو لیوا ھاوبەشەی پێشمەرگە و سوپای عێراق، زۆر پێویستە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە بۆشایی ئەمنی ھەبوو و پێویستی بەوە ھەبوو پڕ بکرێتەوە، بۆیە دەستبەکاربوونیان سوودێکی زۆری بۆ ئەو ناوچانە دەبێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: پێشتر پۆستی ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق پشکی کورد بوو و لە دەست کورد نەمابوو، بەڵام ماوەیەکە ئەو پۆستە بۆ کورد گەڕاوەتەوە و فەریق (شوان مەزھەر رواندزی) کە جێگری ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق بوو، ئێستا بووەتە ئەمینداری گشتی و ئەو پۆستەی وەرگرتووتەوە، کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەو پۆستەش بۆ کورد زۆر گرنگە و ھەوڵ دەدرێت بەپێی رێککەوتنی سیاسی، پۆستەکانی دیکەی کورد لە سلکی سەربازی وەربگیرێنەوە.

 

بڵند ئیبراھیم