Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌نگه‌ر كانه‌بی بۆ KDP: سەرژمێری لە سنووری مەخموور باش بەڕێوەدەچێت

مه‌خموور-KDP.nfo- به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چووغی پارتی دیموكراتی كوردستان، باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی سنووری مه‌خموور بۆ سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان دەکات، بۆ به‌شداریکردن له‌ سه‌رژمێری و  ده‌ڵێ: تیمه‌كانمان به‌ هەماھەنگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌سه‌ر هێڵن.

سه‌نگه‌ر كانه‌بی به‌رپرسی لقی 23ی قه‌ره‌چووخ له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: سه‌باره‌ت به‌ سنووری قه‌زای مه‌خموور به‌ هه‌موو ناحیه‌كانی قه‌راج و گوێڕ و كه‌ندێناوه‌ و مه‌لاقه‌ره‌وه‌ كه‌ سه‌دان گوند له‌ خۆیان ده‌گرن، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كان، لق، ئۆرگان و كادیرانی خۆمانه‌وه‌ هه‌وڵمان داوه‌ خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ هان بده‌ین و ئاگادار بكه‌ینەوە له‌ گرینگی گه‌رانه‌وه‌یان بۆ سنووره‌كانییان و زێدی خۆیان، جێگەی دڵخۆشییە، له‌ ڕۆژانی ڕابردوو بینیمان به‌ هه‌زاران خانه‌واده‌ كه‌ خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌و سنووره‌ن به‌ لێشاو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گوند و قه‌زا و ناحیه‌كانی خۆیان.
سه‌نگه‌ر كانه‌بی گوتیشی: ئێستا پرۆسه‌ی سه‌رژمێری به‌رده‌وامه‌ و ئێمه‌ چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی لەڕووی هونەرییەوە هه‌ندێك تێبینیمان هه‌یه‌، بەڵام بەردەوام هه‌وڵدراوه‌ چاره‌ بكرێت، جگه‌ له‌وه‌یش جێگای خۆیه‌تی سوپاسی خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ بكه‌ین كه‌ نیشته‌جێی ئه‌وێن و دەرگای ماڵەکانیان به‌ڕووی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ و خزم و كه‌سانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هۆی چۆڵ بوون و وێرانكردنی گونده‌كانیان و هۆكاری جۆراو جۆر چ به‌ هۆی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش یان به‌ هۆی ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆکتۆبه‌ر ئاواره‌ بوون و بێ ماڵ و بێ جێگەن،‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌موو مەزەندەیەك به‌ده‌ره‌، ژماره‌كه‌ یه‌كجار زۆره‌ و ده‌توانین بڵێین هه‌رچی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی سنووره‌كه‌یه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زێد و وه‌ته‌نی باب و باپیرانی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژمار بكرێن له‌و سه‌رژمێرییه‌دا، سوپاسیان ده‌كه‌ین كه‌ به‌و په‌رۆشی و هه‌سته‌ به‌رزه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه‌ گەڕاونەتەو.
ناوبراو گوتیشی: تیمه‌كانی ئێمه‌ وه‌ك تیمی حزبی، له‌ هه‌موو قه‌زا و ناحیه‌ و گونده‌كان هه‌ن و ژماره‌ ته‌له‌فۆنیان به‌رده‌سته‌ و بڵاومان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ر كێشه‌ و گرفتێكیان هاته‌ پێش ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانی ئێمه‌ بگەنە لایان و چاره‌ی گرفته‌كان بكه‌ن، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ سوپاسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كه‌ین لەگەڵمان هه‌ماهه‌نگ بوو و به‌شێكی زۆر له‌و كێشه‌ و گرفتانه‌یان بۆ چاره‌ كردین.

سه‌لاح جه‌لال