Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحمود ئێزدی بۆ KDP: رێژەیەکی باشی خەڵک بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە

نەینەوا -KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا دەڵێت: بەھۆی ئەو ھۆشدارییەی بە خەڵکی سنووری پارێزگای نەینەوا دراوە، خەڵکێکی باش گەڕاونەتەوە و ئەم پرۆسەیە گرینگە بۆ داھاتووی ناوچە کوردستانییەکان.

مەحمود ئێزدی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ لقەکانی خۆمان ئەنجام دا، تەواوی ڕوونکردنەوە و ڕێنماییمان بە ھەموو ئۆرگانەکان دا و ھەموو وردەکارییەکان باس کران و ژووری عەمەلیات دروستکرا بۆ هاندانی خەڵک و ھۆشیار کردنەوەیان، بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارا لە پرۆسەی سەرژمێری بکەن و لە شوێنی بنچینەیی خۆیان خۆیان تۆمار بکەن لە پرۆسەی سەرژمێری، ئەمەش کاریگەری زۆر باشی ھەبوو، خەڵکێکی باش گەڕانەوە بۆ سەرژمێری، ئێستا کاتی ئەوەیە ھەمووان بە شێوەیەکی کارا بەشداری بکەن و ئاگاداری ئەو خاڵانە بن، ئەوانەی پەیوەندی بە ماددەی ١٤٠وە ھەیە، بۆ ئەوەی لەسەر ناوچەکانی خۆیان حیساب بکرێن، بۆ ئەمەش ڕوونکردنەوەی تەواو بە خەڵکسنوورەکە دراوە و ھاوکاری و ئاسانکاری باشیش بۆ گەڕانەوەیان کراوە.
مەحمود ئێزدی گوتیشی: ئێمە مەترسی ئەوەمان ھەیە، لە داھاتوو گرفتیان بۆ دروست بکرێت، بۆیە پێویستە خەڵکی ئێمە وریا بێت و لەسەر ناوچەکانی خۆیان ھەژمار بکرێن، بەتایبەت ئەوانەی نەگەڕاونەتەوە و لە کەمپەکانن، بۆ ئەوەی لە داھاتوو گرفتیان بۆ دروست نەبێت، ئێستا پرۆسەکە دەستی پێ کردووە و باشیش بەڕێوە دەچێت، ئەم پرۆسەیە بۆ ناوچە کوردستانییەکان چارەنووسسازە و پێویستە ھەمووان بەشدار بن و بیسەلمێنن کوردستانین و ھەر بە کوردستانی دەمینێنەوە.
ئێمەش گرینگی زۆر بەو پرۆسەیە دەدەین، بۆ ئەوەی لە داھاتوو گۆڕانکاری بەسەر دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەدا نەهێنرێت، لەبەر ئەوەی ھەمووی ناوچەی کوردستانین و زیاتر کوردی لێ نیشتەجێیە، خەڵکی ئەو ناوچانە کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرن و دڵنیام دەیسەلمێنن کورد لەو ناوچانە ھەمیشە زۆرینەیە.

بڵند ئیبراھیم