هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ گرفتێک نەبووە و پرۆسەکە بەباشی بەرێوەچووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ خوای گەورە تاوەکوو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر هیچ گرفتێک نەبووە و پرۆسەکە بەباشی بەرێوەچووە".
گوتیشی: "دوێنێ شەو بەدواداچوونمان کردووە، نزیکەی لە 97%ـی هاووڵاتیانی هەولێر خۆیان تۆمارکردووە، کە ئەوەش کارێکی گرنگە و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر دەکەین، هەروەها ئەو ئامادەکاری و ڕاهێنانەی بۆ تیمەکان کرابوون، بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بەباشی بەرێوە بچێت".
پارێزگاری هەولێر، باسی لەوەش کرد، "ئێمە سوپاسی هاووڵاتیانی شاری هەولێر دەکەین، کە ڕێنماییەکانیان بەباشی جێبەجێ کردووە، "هەروەها سوپاسی ئەو هاووڵاتیانە دەکەین کە لەسنووری هەولێر نیشتەجێ بوون، بەڵام بەهۆی ئەو پرۆسە گرنگە بە لێشاو چوونەتەوە زێدی خۆیان و خۆیان تۆمار دەکەن".
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 21-11-2024 بەردەوام دەبێت.