Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

به‌رپرسی لقى ٣ـى پارتى له‌ KDPیه‌وه‌ به‌ كه‌ركووكیه‌كان ده‌ڵێ، دەستتان ماچ دەکەین

کەرکووک-KDP.info- ئەمڕۆ سەرژمێریى گشتى لە عێراق دەستى پێکرد، کوردانى ئاوارەى دەستى زوڵم و زۆرداریى حکوومەتەکانى عێراق، بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو زێدى خۆیان لە کەرکووک گەڕانەوە، بەرپرسى لقى ٣ـى پارتیش دەڵێ، عەرەب و تورکمانى شۆڤێنى دژى گەڕانەوەى کوردى ڕەسەنن هاوشێوەى ڕژێمى سەددام حوسێن، بەڵام کوردەکان ناسنامەى کوردستانیبوونى کەرکووک دەپارێزن.

محەمەد کەمال، بەرپرسى لقى ٣ـى پارتى، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: گەلى ئێمە لە ساڵانى ١٩٧٥ بۆ ١٩٨٨ ئەنفال کران و ٧٥٣ گوندمان وێران کران، کە خەڵکەکەى ڕاگوێزرا بۆ پارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر و لەوێ نیشتەجێ کران، ئەمانە خەڵکى ڕەسەنى کەرکووکن کە گەڕانەوە بۆ زێدى باب و باپیرانیان، تاکو ناسنامەى کەرکووکیبوونى خۆیان بچەسپێنن و بیخەنە باخەڵیان، حکوومەتى عێراق کەمتەرخەم بووە بەرامبەر ئەم خەڵکە، چونکە ڕژێمى دیکتاتۆر ڕایگواستن، ئەرکی عێراقى نوێیە، دەبوو ئەو خەڵکە بگەڕێندرابانایەوە و قەرەبوو بکرابانەوە.

محەمەد کەمال گوتیشی: شۆڤێنییەکانى عەرەب و بەشێک لە تورکمانى شۆڤێنى، ڕاگەیەندراو دژ بە گەڕانەوەى خەڵکى کورد بڵاو دەکەنەوە، ئەم خەڵکە مافى خۆیەتى ناسنامەى کوردستانیبوونى کەرکووک بکاتە گیرفانى، ئەم شۆڤێنیانە ڕازین سەددام تەعریبى کردووە و لە بەسڕا و باشووری عێراقه‌وه‌ هێناونی بۆ کەرکووک و کوردیشى لە بیابانەکانى عەرعەر زیندەبەچاڵ کرد، ئەمە بێویژدانییە و مایەی قبوڵکردن نییە.

"دەستخۆشیمان لە خەڵکى ڕەسەنى کەرکووک هەیە، کە پەیتا پەیتا چەند ڕۆژێکە بەرەو کەرکووک دەگەڕێنەوە و ناسنامەى کوردستانیبوونى کەرکووک دەپارێزن، دەستیان ماچ دەکەین کە پەنا دەبەنە بەر ماڵى کەسە نزیکەکانیان بۆ مانەوە، بەڵام وەزارەتى پلاندانانى عێراق ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردووەتەوە، قبوڵی نییە چەند ماڵێک لە خانوویەکدا بێت، بەڵام قبوڵیەتى خەڵکى ئێمە دەرکرابێت و تاکو ئێستا نەگەڕێندرابێتەوە و قەرەبوو نەکراونەتەوە". محەمەد کەمال واى گوت.

بەرپرسى لقى ٣ـى پارتى لە کەرکووک دەشڵێ: تاکو سەعات ١٢ـى شەو لە خەت بووین لەگەڵ بازگەکان، لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى قسەمان کردووە بۆ کارئاسانیى هاتنەژوورەوەى کوردانى کەرکووک، تا کارئاسانیی تەواویان بۆ بکرێت، هەموو ئەو هەواڵانەش لە ڕاستییەوە دوورن، کە گوایە خەڵکى هەولێر و سلێمانى لە ڕەفاهیەتدا دەژین و بێن و خۆیان بنووسن بە کەرکووکى، شارێکی وەک کەرکووک هەمیشە زوڵمى لێ دەکرێت، ئەمانەی ئەو بوختانانە دەکەن، خەریکى درۆن بەردەوام بۆ لێدان لە هەیبەتى کورد.

 

عەزیز ڕەسووڵ